کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە ئازاردانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە

12:16 - 22 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران و ئیتلاعاتی سەر بەو سپایه، لە شار و گوندەکانی کوردستاندا ئازاری خەڵکی سڤیل دەدەن.

ڕۆژی هەینی، ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، گرووپێکی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئیتلاعاتی ئەو سپایە، لە شاخی خێرووزەی گوندی میراوێ سەر بە شاری شنۆ، دەست دەکەن بە ئەشکەنجەکردنی شوانێکی ئەو گونده کە لەو شاخانەدا سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بووە.

ئەم شوانه کە ناوی "ناسحـ"ـە و تەمەنی ١٦ ساڵە، پاش ئەشکەنجەدرانی زۆر لە لایەن ئەندامانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە دەبوورێتەوە و لە لایەن خەڵکەوە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی شاری شنۆ.

جێی ئاماژەیە کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم مێرمنداڵە کورده، لە نەخۆشخانەی شنۆدایە و ئەندامانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بەبێ هیچ هۆکارێک و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک هێرشیان کردووەتە سەر ناوبراو و ئەشکەنجەیان داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو شوانە کورده، بە هۆی قورسبوونی ئەشکەنجەکان، گورچیلەیەکی لە دەست داوە.