کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە بەرەبەری نەورۆزدا، خەریکی چاوترسێنکردنی خەڵکە

11:23 - 8 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرەبەری نەورۆز و ساڵی نوێدا، بە پیلانێکی تازە خەریکی چاوترسێنکردنی خەڵک و پێکهێنانی نائەمنی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرەبەری نەورۆز و ساڵی نوێدا، بە کۆمەڵێک کردەوەی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، هەوڵی دروستکردنی نائەمنی و هەروەها ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی کوردستان دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی ڕەشەمە، کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ، لە نێوان گوندەکانی نێ و ولەژێر سەر بە شاری مەریوان دەنگی شەڕ و تەقە بیستراوە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵان، بەکرێگیراوانی سپای پاسدارن، لە شێوازی کەسانێکی نەناسراودا کە سەروچاوی خۆیانیان داپۆشیوە دەستیان داوەتە ئەو کارەوە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای بەکرێگیراوانی خۆیەوە هەوڵی ئەوە دەدات، کە بە دروستکردنی تەقە و تێکەڵچوونی ساختە بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکاندا، خەڵک چاوترسێن بکات و لە لایەکی تریشەوە ببێتە هۆی بەگژداچوونی خەڵک بە نیسبەت یەکتر و لە ئاکامدا یەکگرتوویی نێوان خەڵک لە نێو ببات، هەتا باشتر بتوانێت بە ئامانجە نامرۆڤانەکانی خۆی بگات.