کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە هەوڵدایە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا زیاتر خەڵک کۆنترۆڵ بکات

11:05 - 25 رەشەمه 2719

سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزەکانی بەسیج بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا هاتوونەتە سەر هێڵ و لەم ڕێگایەوە دەیانهەوێت زیاتر خەڵک کۆنترۆڵ بکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە سپای تێرۆریستی پاسداران نە شارەزایی و زانیاریی تەندروستیی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو پەتا جیهانییە هەیە نە کەرەستەی لە بەردەستدایە و نە ئامانجی بنەبڕکردنی ئەو ڤایرۆسەی هەیە.

ئەو هەڵمەتەی سپا لە ڕاستیدا سووکایەتییە بە وەزارەتی تەندروستی، چوونکە ئەگەر نییەتی سپا پاکە بۆچی بودجە و کەرەستەی تایبەت ناخاتە بەردەستی ئەو وەزارەتخانەیە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کادری پزیشکیی زۆربه‌ی نه‌خۆشخانه‌کانی ڕێژیم به‌هۆی نه‌بوونی که‌ره‌سته‌ی خۆپاراستن ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌دان، هه‌ر بۆیه‌ ڕێژه‌ی قوربانییانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌شێکی زۆری کادری پزشیکیی گرتووەتەوە.

سپای پاسداران هێزێکی تێرۆریستە و بە هەموو جۆرێک دژی مرۆڤایەتییە و دەستێوەردانەکان، تێرۆرەکان و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و... نموونەی چالاکییەکانیەتی.

هاتنە سەر هێڵی سپای پاسداران بۆ خۆی پەیام و زەنگێکی مەترسیدارە بۆ خەڵکی ئێران و جیهان. سپای پاسداران بابەتەکەی ئایدۆلۆژیک کردووەتەوە و بێگومان وەکوو چەکێکی ستراتیژیک لە دژی خەڵکەکەی خۆی کە دوو مانگ لەوەبەر ڕژابوونە سەر شەقامەکان و دروشمیان لە دژی دیکتاتۆر دەدا، بەکاری دێنێت.