کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە کەنداو پەردەی لەسەر بنکەیەکی‌ مووشەکیی لادا

12:16 - 20 بەفرانبار 2720

دوای ئەوەیکە بەرپرسانی ئامریکا بڕیاریان دا کە ناوگانی ''یو ئێس ئێس نیمیتز'' لە کەنداو بمێنێتەوە، هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران پەردەی لەسەر بنکەیەکی مووشکیی خۆی لادا.

پەردەلادان لەسەر ئەو بنکە مووشەکییە لە کەنداو، بەبێ بەشداریی میدیاکان بووە.

''حوسێن سەلامی'' فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێوڕەسمەدا وەکوو ڕابردوو سپای پاسدارانی وەکوو هێزیکی تەیار و پۆشتە ناساند و وتوویەتی، ئەوەیکە لێرەیە یەکێک لە چەندین دامەزراوەی ڕاگرتنی مووشەکەکانی هێزی دەریایی سپایە.

ناوبراو ئیدعای ئەوەی کردووە کە ئەو مووشەکانە بە بڕی سەدان کیلومیتر و بە هێزی داڕمانی زۆرەوە توانایان هەیە کە کەرەستەی ئیڵێکترۆنیکیی دوژمن بکەنە ئامانج.

هەروەها ''حوسین سەلامی'' بۆ بەهێز نیشاندانی هێز و توانایی نیزامیی سپای پاسداران تایبەتمەندییەکی زۆری لەو مووشەکان باس کرد.

لە چوار دەیەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و ئامریکا لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەکانی ناوچەی کەنداو هێزی نیزامیی خۆیان خستووە ڕوو.

لەو ماوەیەدا لە ساڵمەرگی ''قاسم سلێمانی''، هەڕەشە و هۆشدارییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئامریکا پەرەی گەرتبوو و هەر دوو لایەن هێز و دەسەڵاتی خۆیان نیشان دەدا، ئامریکا ژێردەریایی ''جۆرجیا''ی ڕەوانەی کەنداو کرد و هەروەها دوو فڕۆکەی بی ٥٢ی خۆی کە بە مووشەکی "کرووز" تەیار کرابوو بەسەر ئاسمانی کەنداودا سوڕاندەوە.

ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی چەندین ساڵە سیستمی مووشەکی ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دژی ئەمنیەت و ئاشتی دەزانن.