کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران مەزرا و مووچەکان دەپشکنێت

12:14 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بنکەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری شنۆ، کەوتووەتە جووڵە و شوێنە گشتییەکانی خەڵک دەپشکنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری شنۆ، دەستیان کردووە بە گەڕان و پشکنینی مەزرا و مووچەکان و لە هەوڵی ئەوەدان، که فەزای ترس و تۆقین بەسەر خەڵکدا زاڵ بکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەوە، ڕایگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شنۆ، لە گوندەکانی حەڵب، کوئیک و چەند ناوچەی دیکە دەستیان بە پشکنینی مەزراکان کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، کە هێزەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بە دوای هێزەکانی پێشمەرگەدا دەگەڕێن.

لەو ماوەیەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە چڕی دەستیان بە پشکنین کردووە و هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە، کە دەبێت یارمەتیمان بدەن کە شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە ببینینەوە.

لە دوای دەستپێکردنەوەی خەباتی شاخ و شار و حزووری پێشمەرگەکانی کوردستان لە نێوخۆی وڵات، ڕێژیمی ئێران لە هەموو شێوەیەک بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵکی وەرگرتووە.