کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هەروا پەرە بە بەرنامە مووشەکییەکانی دەدات

12:33 - 26 رەشەمه 2720

بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە مەحکووم دەکرێت، بەڵام سپای تێرۆریستی پاسداران شارێکی نوێی مووشەکیی خستە ڕوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، لە ڕێوڕەسمێکدا کە ''حوسێن سەلامی'' فەرماندەی سپای پاسداران تێیدا بەشدار بوو، ژمارەیەک مووشەک و کەرەستەی نیزامی لە شوێنێکی نادیار خرانە ڕوو.

سپای پاسدارانی ڕێژیم لە بەیانییەیەکدا وتوویەتی، ئەمە پێنجەمین قۆناغ لە پیشاندانی کەرەستەی نیزامیی هێزی دەریاییە.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە مووشەکی کروزی زەوی بە دەریا، مینی دەریایی و کەرەستەی ئێلێکترۆنیکی نیزامی خەرانە ڕوو، ''حوسێن سەلامی'' باسی لەوە کرد کە ئەمە نیشانەی سەرکەوتن بەسەر گەمارۆکانە.

بەرپرسانی ئورووپایی و ئامریکا هەتا ئێستا، بەنیسبەت ئەو هەوڵە نوێیەی سپای پاسداران کاردانەوەیان نەبووە، ئورووپا و ئامریکا چەندین جار نیگەرانیی خۆیان لە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە و بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیم بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانن.

لەلایەکی دیکەوە ئامریکا، ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانی بە یەکێک لە مەرجەکان بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام گرێ داوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوو لە بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی وەکوو کەرستەیەکی گوشارهێنان بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی کەڵکی وەرگرتووە.