کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هەڕەشە لە خەڵکی پارێزگای سنە دەکات

11:26 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران لە پارێزگای سنە، هەڕەشە لە خەڵکی ئەو پارێزگایە دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە ۲۸ی ڕێبەندان، پاسدار حەمزە فەلاح، جێگری فەرماندەی هێزی "بەیتولموقەدەسـ"ـی سپای تێرۆریستی پاسداران لە پارێزگای سنە، لە کۆبوونەوەی ناوەندی فەرماندەیی ئەو هێزە، لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک کە لە لایەن خۆدی ڕێژیمەوە بەناوی ڕێزگرتن لە مەحیەدین حەقشناس، شاعێری ناوداری کورد ڕێک خرابوو، هەڕەشەی لە خەڵکی پارێزگای سنە بەتایبەتی وتاربێژانی ئەو ڕێوڕەسمە کرد.

پاسدار حەمزە فەلاح، لە سەرەتای هەڕەشەکانیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هەرکەس مەیلی لە بیستنی سروودی ڕێژیمی ئێران نەبێت، خەڵکی ئەم ئاو و خاکە نییە و مۆنافێقە، ڕایگەیاند؛ بەداخەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو، کە لە ئاستی خەڵکی پارێزگای سنەدا نەبوو و ئەو وتارانەی کە لەو ڕێوڕەسمەدا خوێندرانەوە بەتەواوەتی چاوەڕواننەکراو بوون.

ناوبراو، لە درێژەی هەڕەشەکانیدا، وتی: "لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مەحیەدین حەقشناس، لەسەر تەنیا کەسێک کە قسە نەکراوە ئەو شاعێرە ناودارە کوردە بووە و پێشکەشکار و وتاربێژانی ئەو بەرنامەیە تەنیا بە دوای  بانگەشەکردن بۆ دژبەرانی شۆڕش (تبلیغ ضد انقلاب) بوون".

فەلاح، لە بەشێکی تری هەڕەشەکانیدا، ڕایگەیاند: لەو ڕێوڕەسمەدا ڕووداوگەلێک ڕوویان داوە کە جێگای داخن، کچێکی گۆرانیبێژی دانیشووی شاری لەندنیان هێناوە و وەکوو یەکێک لە گۆرانیبێژە ناودارە کوردەکان ناساندوویانە، لە کاتێکدا ئەگەر چاو لە فەرهەنگ و پێگەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بکەین، دەبینین کە ئەو کەسە هیچ ناو و پێگەیەکی نییە.

پاسدار حەمزە فەلاح، لە کۆتاییی هەڕەشەکانیدا ڕایگەیاندووە: هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا شیعرگەلێک بەناوی مەحیەدین حەقشناسەوە خوێندراونەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە دیوانی ئەو شاعێرە کوردە نابینرێن و تەنیا کەسانێکی تایبەت بە بیرۆکەگەلێکی تایبەتەوە ئەو کارەیان کردووە، وتیشی: "ئێمە وەکوو بەسیجییەکی ئینقلاب بەو کەسانە ڕادەگەیەنین کە لەو کارەیان چاوپۆشی ناکەین و لە ڕێگای یاسا و شوێنە قەزایییەکاندا بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکەین".

ڕۆژی پێنجشەمە ۲۵ی ڕێبەندان، بەڕێوەبەرایەتی وەزارەتی ئیرشاد و فەرهەنگی پارێزگای سنە، لە شاری سنە زەنجیرە ڕێوڕەسمێکی لەژێر ناوی "شەوانی کوردەواری" بەناو بۆ ڕێزگرتن لە شەش کەسایەتی کورد کە یەکەمیان یادکردنەوەی مەحیەدین حەقشناس بوو بەڕێوە برد، کە ئاکامی ئەو ڕێوڕەسمە هەڕەشەی هێزە تێرۆریستییەکانی خۆدی ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵکی لێ کەوتەوە.