
ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە سەقز کۆبوونەوەی بۆ جاش و بەکرێگیراوەکانی خۆی گرتووە کە دەبێ لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن و چەکیش هەڵگرنەوە.
ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی بەیانی، سپای تێرۆریستیی پاسداران لە "زائیرسەرای خامنەیی" لە پەنای پادگانی "حەنزەلە" کۆبوونەوەی بۆ جاش و پاسدار و بەسیج و خۆفرۆشەکان گرتووە، بە مەبەستی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدانیان بەو کەسەی کە خامنەیی و بەرپرسانی سپای پاسداران قبووڵیانە.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو جاش و بەکرێگیراوانە لە ئاڵۆزبوونی ناوچەکانی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون بۆ هاتنەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ نێوخۆی وڵات دەبێ ئامادەباش بن.
هاوکات بۆ هەموو جاش، پاسدار و بەسیجییە خانەنشین کراوەکان و ئەوانەی کە چەند ساڵ پێش سپا خۆی دەری کردوون و لە جاشایەتی دووری خستوونەتەوە، بۆ بەشداری لە شەڕ دژی پێشمەرگەکانی کوردستان فۆرمی دەعوەتنامەی بۆ ناردوون.
ڕێژیمی ئێران پێی ڕاگەیاندوون کە دەبێ ئامادە بن بۆ شەڕ و ئەو جاشانەی کە پێشتر خۆی لە جاشایەتی دەری کردبوون دیسان بێنەوە نێو ڕیزەکانی سپای پاسداران و لەم قۆناغە هەستیارەدا بەجێیان نەهێڵن و بەشداری شەڕی دژی پێشمەرگەی کوردستان بن.