کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران گەورەترین بەربەستە لە هەمبەر ڕەوانەکردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئێران

11:43 - 30 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، سپای پاسدارانی بە گەورەترین بەربەست لە هەمبەر ڕەوانەکردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئێران دەزانێت.

ڕۆژنامەی "تایمز ئافـ"ـی ئیسراییل، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، جارێکی تر لێدوانە چەواشەکانی "جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند، سپای تێرۆریستیی پاسداران گەورەترین بەربەستە لە هەمبەر ڕەوانەکردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانی وەکوو: خواردەمەنی، دەرمان و سەرجەم پێداویستییە پزشکییەکان بۆ ئێران.

جەواد زەریف، پێشتر لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتێری خۆیدا نووسیبووی: "ئامریکا گەمارۆی خستووەتە سەر کڕینی خواردەمەنی، دەرمان، کەرەستە و سەرجەم پێداویستییە پزشکییەکان و هەروەها یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئێران".

برایان هووک، وێڕای ڕەتکردنەوەی قسە چەواشەکانی "زەریف"، ڕایگەیاند: "ئەو ئێرانییانەی کە ئینترنێتی بێ سانسۆریان لە بەردەستدا هەیە، دەتوانن شایەتی ئەوە بن کە گەمارۆوەکانی ئێمە خواردەمەنی، دەرمان، سەرجەم کەرەستە و پێداویستییە پزشکییەکان ناگرێتەوە، بەڵام گەورەترین کێشەی ئێمە دامەزراندنی کۆمپانیا ڕواڵەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانە، کۆمپانیاگەلێک کە بە ڕواڵەت ڕێکخراوەگەلێکی خێرخوازین، بەڵام لە ڕاستیدا سەر بە سپای پاسدارانن".

نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران لەم بارەوە ئاشکرای کرد؛ ئەو کۆمپانیا ڕواڵەتییانەی سپای پاسداران لە جیاتی جەختکردنەوە لەسەر ڕەوانەکردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ خەڵکی ئێران، پارەی ئەو خەڵکە وەردەگرێت و لە سووریە خەرجی دەکات. ئەگەر ئەو ڕێژیمە بیەوێت، دەتوانێت ئەو پارەیە خەرجی خواردەمەنی، دەرمان و سەرجەم کەرەستە پزشکییەکان بکات بۆ خەڵکەکەی خۆی، بەڵام ڕێژیمی ئێران ئەو شتەی ناوێت و ئەو کارەش ناکات.