کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران: گەورەترین لاوازیی ئامریکا ئەوەیە کە ڕێبەرێکی مەزهەبییان نییە

13:22 - 4 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە وتارێکی گاڵتەجاڕانەدا ئیدعای ئەوەی کردووە: "ئامریکا و دوژمنانی سوێندخواردووی ئێمە دانیان بەوەدا ناوە کە گەورەترین لاوازییەک کە هەیانە ئەوەیە کە ڕێبەرێکی مەزهەبییان نییە".

''حوسێن سەلامی''، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی هەینی، ٣ی خەزەڵوەر، لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارێزگای "کەهگیلویە و بویر ئەحمەد"، لە لێداونێکی گاڵتەجاڕانەدا وتوویەتی کە لاوازیی ئامریکا بۆ نەبوونی ڕێبەرێکی مەزهەبی دەگەڕێتەوە.

ناوبراو هەروەها ئیدعای کردووە کە لە ئێستادا ٦٠ لەسەدی باڵادەستیی سیاسیی جیهان، ٦٠ لەسەد لە هێزی نیزامی و ٥٠ لەسەدی ئابووریی جیهان لە دەست دوژمنانی ئێراندایە، بەڵام ناتوانن بڕیار بدەن.

"سەلامی"، بێ ئەوەی کە سەرچاوەیەک بۆ ئەم قسانە بێنێتەوە، وتوویەتی: ''سەرکۆمارەکانی ئامریکا، فەرانسە و بریتانیا، ئەگەر پێکەوە کۆ ببنەوە، توانای ئەوەیان نییە کە مێشوولەیەک دروست بکەن''.

"پاسدار سەلامی"، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئێران لە مێژووی هاوچەرخدا لە حاڵی شەڕێکی گەورە و بێ وێنەیە.

ئەو قسانەی فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران ٤٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان دەچەوسێنەوە و ئەم وڵاتە بەرەو وێرانی ڕۆیشتووە.

"سەلامی" لە کاتێکدا ئەم قسانە دەکات کە ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانی زۆرترین گوشاری خراوتە سەر و ئابووریی ئەم وڵاتەی تووشی داڕمان کردووە.