کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران یارمەتییەکانی خەڵک بەسەر جاشەکاندا دابەش دەکات

12:56 - 10 بانەمەڕ 2720

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان، ئەو یارمەتییانەی کە لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە بۆ خەڵکی کەمداهات و هەژار کۆکرابووەوە، دەستی بەسەردا گرتووە و بەسەر بنەماڵەی جاشەکان دابەشی دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە مەیدانی فووتباڵی بۆکان، کەلوپەلی وەکوو برنج، ڕۆن و گۆشت و هەروەها خۆراکیی دیکە کە لەلایەن چالاکانی مەدەنی و خێرخوازانەوە بۆ خەڵکی هەژار کۆ کرابووەوە، بەسەر بنەماڵەی جاشەکاندا بڵاو دەکاتەوە.  

هەروەها چالاکانی مەدنی لە بۆکان زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن تمەنیان پارە کە بۆ یارمەتیدان بە بنەماڵە دەستکورتەکان کۆ کردبووەوە، لەلایەن فەرمانداریی ئەو شارەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئەو بڕە پارەیە کە سپای پاسداران بەسەر جاشەکاندا بڵاوی دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، مەیدانی فووتباڵی بۆکان بەهۆی ئەوەی کە هەندێک بەناو سەرداری سپا لە تاران و ورمێ هاتوون، بازڕەسیی لێ دانراوە و هێزێکی زۆریان لە سپای پاسداران لەوێ ئامادە کردووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران نەتەنیا ئامادە نییە یارمەتیی خەڵک بدات، بەڵکوو پێش لە هەوڵەکانی دڵسۆزانی کوردستان دەگرێت و تەنانەت یارمەتییە کۆکراوەکانیش زەوت دەکات و بەسەر دەست و پەیوەندییەکانی خۆیدا دابەشی دەکات.

هەروەها ڕێژیمی ئێران کە لەبەر چاوی خەڵکدا یارمەتیی جاش و بەسیجەکان دەدات، لە هەوڵی ئەوەدایە خەڵکی دەستکورت و هەژار بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.