کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ئەفغانستان ڕاهێنان بە ئەندامانی تاڵبان دەکات

18:00 - 18 سەرماوەز 2721

هەواڵدەریی ''ئەوج'' نزیک لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی پردی سووری کابۆل، نووسینگەیەکی بە مەبەستی ڕاهێنانی ڕاگەیاندن و میدیایی ئەندامانی تاڵبان بە دژی ئامریکا لە ئەفغانستان دامەزراندووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەز، سەرچاوە خۆجێییەکان لە کابۆل بە هەواڵنێرەکانی ئەفغانستانیان ڕاگەیاندووە کە دوو ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ناوەکانی ''عەلی کۆمەیلی و حیسام ڕەزەوی'' لە کابۆل بە فەرمی ڕاهێنانی میدیایی و ڕاگەیاندن بە ئەندامانی گرووپی تاڵبان بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ ئامریکا لە ئەفغانستان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان لە کابۆل، هەواڵدەریی ''ئەوج'' کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە لە پێتەختی ئەفغانستان بە مەبەستی ڕاهێنان و پڕوپاگەندە بە دژی ئامریکا خەریکی کۆکردنەوەی ئەندامانی تاڵبانە.

سەرەڕای تێکهەڵچوونی تاڵبان و هێزە سنوورییەکانی ڕێژیمی ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا، تاڵبان ئیزنی بە ڕێژیمی ئێران داوە کە لە کاروباری میدیایی لە ئەفغانستان دەستی ئاوەڵا بێت.

ڕێژیمی ئێران پێشتر بەردوام بە پشتیوانیی نیزامی و ماڵیی تاڵبان تاوانبار کراوە، بەڵام لە ئێستادا کە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان چووەتە دەرەوە، بە شێوەیەکی فەرمی و بەربڵاوتر بە مەبەستی دزەی زیاتر لەو وڵاتە هاوکاریی تاڵبان دەکات.