شرۆڤەکارێکی بابەتە ئابوورییەکان باسی لەوە کردووە کە کەمکردنەوەی نرخی هەڵاوسان بە یارمەتیی سڕینەوەی سیفر لە پارەی میللی هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە.
"ئیبراهیم ڕەزاقی"، شرۆڤەکاری بابەتە ئابوورییەکان وتوویەتی: "ئەگەر سیستەمێکی دروستی ئابووریمان هەبا و هەڵاوسانمان کەم کردبایەوە، دەمانتوانی سڕینەوەی ٤ سیفر بێنینە بەر باس، بەڵام کاتێک هەڵاوسان هەموو ساڵێک دووپات دەبێتەوە، بێت و ٤ سیفریش بسڕینەوە هیچ شتێک ڕوو نادات".
ناوبراو هەروەها وتوویەتی، ڕەنگە بە سڕینەوەی سیفر لە پارەی میللی ٤٠ لەسەدی هەڵاوسان لە ڕواڵەتدا ببێتە ٤ لەسەد، بەڵام لە ڕاستیدا هەر ئەوەیە و جۆرێک هەڵخەڵەتاندنی زەینی جەماوەرە و حاشاکردن لە ڕاستییەکان بە هەژمار دێت.
ئەو شرۆڤەکارە هەروەها وتوویەتی: "دەوڵەت سەرەڕای ئاگاداری لە بارودۆخی ئابووری، هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی کێشەکان نادات، هەر بۆیە ناچارە بە دروستکردنی جەو و باسکردنی بابەتە ناپێویستەکان وەکوو: "دانووستاندن" و "سڕینەوەی سیفر لە پارەی میللی" دەبێت کە هیچ دەردێک لە کۆمەڵگا کەم ناکاتەوە.
ڕێژیمی ئێران بەردەوام لەجێی دۆزینەوەی چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان، لە ڕێکارگەلی لاوەکی و هەڵخەڵەتێنەر کەڵک وەردەگرن.