کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکاڵای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئۆکراین بە دژی سپای پاسداران

18:15 - 16 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، شیرکەتی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتیی وڵاتی ئۆکراین، بە دژی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە دادگای باڵای ''ئێنتاریۆ''ی وڵاتی کانادا لەسەر کارەساتی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە کرایە ئامانجی مووشەکی سپای پاسداران، سکاڵای کردووە و ڕێژیمی ئێران و سپای پاسدارانی وەکوو تاوانباری سەرەکیی ئەو کارەساتە ناساندووە.

شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئۆکراین داوای کردووە کە دەبێ تاران ٧٥٠ ملیۆن دۆلار بدا بە بنەماڵەی قوربانییان و ٢٥٠ ملیۆن دۆلاریش وەکوو زیانی ماڵی بدات بە دەوڵەتی ئۆکراین.

لەو سكاڵایە‌دا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە ١٧٦ موسافیرەوە کە بە دوو مووشەکی سپای پاسداران لە تاران کرایە ئامانج، هەوڵێکی تێرۆریستیی بەئەنقەست بووە.

دادگای ''ئێنتاریۆ'' ساڵی ڕابردووی زایینی ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئیسلامیی بە کردەوەیەکی تێرۆریستی ناساند و سپای پاسدارانی وەکوو تاوانباری سەرەکی ناساند، هەروەها ''عەلی خامنەیی، عەلی شەمخانی، حوسێن سەلامی، محەممەد باقری و ئەمیر عەلی حاجی زادە''ی وەکوو بکەرانی سەرەکیی ئەو هێرشە مەحکووم کرد.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای کردنە ئامانجی فڕۆکەی ئۆکراینی، هەتا سێ ڕۆژ نەکۆڵییان لەوە دەکرد کە ئەو فڕۆکەیە هێرشی کراوەتە سەر و بە درۆ کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیان بۆ هۆکاری تەکنیکی دەگەڕاندەوە.