کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان: حیزبوڵڵای لوبنان دەبێ چەک بکرێت

18:59 - 24 بانەمەڕ 2720

''ئانتۆنیۆگوترێش''، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کردووە کە بۆ چەککردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، هەوڵی هاوبەش و جیهانی ئەنجام بدرێت.

ناوبراو وتوویەتی، ئەم گرووپە، بە یارمەتیی ئەو چەکوچۆڵانەی کە لە ڕێژیمی ئێران وەری دەگرێت، لە سووریە و وڵاتانی دیکە دەستێوەردانی نیزامی دەکات.

بڕیارە شورای ئەمنییەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، لە دانیشتنێکی نائاشکرا، دۆخی شەڕ لە سووریە و دەستتێوەردانە چەکدارییەکانی حیزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکە لە کوشتنی خەڵکی سووریەدا بخەنە بەر باس.

''گوترێش" داوای کردووە، ئەم گرووپە کە بە فەرمانی ڕێژیمی ئێران لە کوشتنی نزیکەی نیو ملیۆن کەس یارمەتیی ڕێژیمی بەشار ئەسەدیان داوە، دەبێ چالاکییەکانی لە سووریە ڕابگیرێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین وڵاتی ڕۆژئاوایی حیزبوڵڵای لوبنانیان خستووەتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە کە دوایین نەموونەیان دەوڵەتی ئاڵمان بوو.

حیزبوڵڵای لوبنان لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ لەژێر کاریگەریی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی سیاسیی خومەینی، وەک حیزبێکی سیاسی و گرووپی چەکداریی ئیسلامیی شیعە لە لوبنان دەرکەوت. حیزبوڵڵا لە کاتی شەڕی نێوخۆیی لوبنان بە یارمەتیی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕاهینانی نیزامییان پێ کرا و هاتە ژێر پشتیوانیی ماڵی و سیاسیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە.