کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەمبەر بەرزبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانیی دەربڕی

12:47 - 28 جۆزەردان 2722

''ئانتۆنیۆ گوترێش'' سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی فەرمی لەبارەی دۆخی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕەوتی بەرزبوونەوەی ئێعدامەکان لەو وڵاتە لە سەرەتای ساڵی ڕابردووی زایینی هەتا ئێستا، نیگەرانی دەبڕی و ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی بەربڵاو لە ئێعدامەکان بە پێچەوانەی ستانداردەکانی دادوەرییەکی عادڵانە بووە.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو ڕاپۆرتەدا بە بەڵگە‌هێنانەوە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحوکمییەکان، نووسیویەتی کە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە بەنیسبەت ساڵی پێشووتر زیاتر بووە و بە لانیکەمەوە گەیشتووەتە ٣١٠ حاڵەتی ئێعدام.

"گوترێش" وتوویەتی کە زیاتر لە ٤٠ لەسەدی ئێعدامەکان لە ئێران پێوەندیی بە قاچاخی مادەی هۆشبەرەوە هەیە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا ٥٥ کەسیان لەو ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢١دا ئێعدام کردووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئەمساڵدا زیاتر بووە و لە ٨٠ ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم ١٠٥ کەس لە ئێران ئێعدام کراون.

ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەپێی بڕیارنامەیەکی پەسەندکراو لە کۆڕی گشتیی ئەو ڕێکخراوە و هەروەها بەپێی زانیاریی سەرچاوە جیاوازەکان، یەک لەوان خودی ڕێژیمی ئێران نووسراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە یاساکانی ڕێژیمی ئێران لەبارەی بەرزبوونەوەی حەشیمەت و گەڵاڵەی سنووردارکردنی ئینتێرنێت کراوە کە ئەو یاسایانە ئاکامی ناخۆشی بەدواوە دەبێت.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا باس لە دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی و زەوتکردنی دارایی شارۆمەندان بە تایبەت کۆمەڵەی بەهایی لە ئێران کراوە.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان وتوویەتی کە فەزای مەدەنی لە ئێران هەروا سەرکوت دەکرێت و چالاکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەگەڵ ئازار و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بەرەوڕوو دەبنەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی خەڵک، یەک لەوان خەڵکی ئەلئەحواز لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ هۆشداری دراوە.

ئەو ڕاپۆرتە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە لە دانیشتنی شورای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ''ژێنێڤ'' بخوێندرێتەوە کە بەهۆی ئامادەنەبوونی لە کاتی خۆیدا بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەو شورایە بخوێندرێتەوە.

سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ''ڕابێرت ماڵی'' نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، پشتیوانیی خۆی لە کارناسانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە سەرکوت و پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێران زەق دەکەونەوە، دەربڕی.