کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری یەکیەتیی عەرەب: ئێران و تورکیە لە هەوڵی ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریی خۆیاندان

11:44 - 6 بەفرانبار 2720

''ئەحمەد ئەبولغەیز'' سکرتێری یەکیەتیی عەرەب ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی بەفرانبار، لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ئەلئەهرامـ''ـی میسر وتوویەتی، ڕەفتاری ئێران و تورکیە لەسەر ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی دامەزراوە و بەپێی ئەو ئیدئۆلۆژییە ئەم دوو وڵاتە لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی دەستێوەردان دەکەن.

سکرتێری یەکیەتیی عەرەب باسی لەوە کردووە، ئێران و تورکیە بە ملهوڕی لە ناوچەکەدا لە هەوڵی ئەوەدان کە ئیمپراتۆریی ڕابردووی خۆیان لە وڵاتانی عەرەبی زیندوو بکەنەوە.

ناوبراو خاکەلێوەی ئەمساڵیش لە دانیشتنی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی عەرەب باسی لەوە کردبوو، دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی ئەوەیکە قەیرانەکان لە وڵاتانی عەرەبی درێژتر و ئاڵۆزتر بن.

''ئەحمەد ئەبولغەیز'' وتوویەتی، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریە تێکدەرانە و وێرانکەرە و دەستێوەردانەکانی تورکیە لە لیبی ڕوودارانە بووە و ئامانجی لەو کارانە تێکدانی سەقامگیری و ئەمنییەتی نیوخۆیی ئەم وڵاتانەیە.

ناوبراو بەنیسبەت ململانێکانی نێوان ئامریکا و چین وتوویەتی، ئەم دوو زلهێزە بە دوای ڕاکێشانی هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێن و ئەمە دەتوانێت بۆ وڵاتانی عەرەبی توانای مانۆڕلێدان یان سنوورداریەتیی نوێ پێک بێنێت.