کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆنامیی حەشیمەتی بەساڵاچووان لە ئێراندا پێشبینی دەکرێت

18:12 - 6 رێبەندان 2720

ڕێژەی حەشیمەتی لاو لە ئێراندا بەخێرایی بەرەو دابەزین دەڕوات و زیادبوونی خەڵکی بەساڵاچوو یەکێک لە گرینگرین کێشه‌کانی ئێستای وڵاتی ئێرانه‌ و نیگەرانیی لێ کەوتووەتەوە.

ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: " لە ٣٠ ساڵی داهاتوو، ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران بەساڵاچووان پێکی دێنێت و ئێران یەکێک لە ٤ وڵاتی پیری جیهان دەبێت".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، ئێستا حەشیمەتی بەساڵاچووی ئێران گەیشتووەتە ٧.٨ لەسەد، بەڵام لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا، نزیکەی ٢١ لەسەد و لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران، بەساڵاچووان پێکی دێنن.

لە ئێران سەرەڕای پاشگەزبوونەوەی سیاسەتی کۆنترۆڵی حەشیمەت لە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ی هەتاویدا بۆ لاوهێشتنەوەی کۆمەڵگا، بەڵام بەردەوام ڕێژەی بەساڵاچووان ڕووی لە زیادبووندایە.

لە ئێران پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و زاوزێ دابەزیوە و بەو واتایە ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێت ژیانی هاوبەش پێک بێنن هەموو ساڵێک کەم دەبێتەوە.

دۆخی داڕماوی ئابووری، نەبوونی هیچ چەشنە ترووسکە هیوایەک بۆ داهاتوو، دەستپێڕانەگیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، بێکاری، هەژاری، زەقبوونەوەی هەڵاواردن و دەیان گرفتی دیکە بووەتە هۆی ئەوەیکە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ڕوو لە کزی بدات.