کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سی ئێن پی سی"ی چین جێگای تۆتاڵی فەڕانسەی گرتەوە

17:11 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزیری نەوتی ئێران، باسی لە جێگیر بوونی کۆمپانیای "سی ئێن پی سی"ی چین لە جیاتی تۆتاڵی فەڕانسه کرد؛ ئەم کۆمپانیایە هێشتا بە فەرمی کارەکانی خۆی دەست پێ نەکردووە.

بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەی بە چوونەدەرەوەی کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕانسه له پڕۆژەی فازی ١١ی پارسی جنووبی کرد و ڕایگەیاند: کۆمپانیای "سی ئێن پی سی"ی چینی بە فەرمی لە جیاتی تۆتاڵ جێگیر بووە.

کۆمپانیای تۆتاڵ ڕیککەوتنێکی ٥ میلیارد تمەنیی بۆ گەشەپێدانی فازی ١١ی پارسی جنووبی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران واژۆ کردبوو کە پاش چوونەدەرەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێ درێژە بە پڕۆژەکەی بدات کە بتوانێ لە ئامریکا مەعافییەت وەربگرێت.

کۆمپانیای تۆتاڵ، ٥٠ لەسەدی پشکی پڕۆژەکەی بەدەستەوە بوو کە بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا و گوشارەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر کۆمپانیاکەی، پڕۆژەکەی بەجێهێشت.

کۆمپانیای "سی ئێن پی سی" پێشتر، ٣٠ لەسەدی پشکی پرۆژەی پارسی جنووبی پێ بوو کە ئێستا ئەم ڕادەیە گەیشتووەتە ٨٠ لەسەد؛ ئەم کۆمپانیایە هێشتا بە فەرمی کارەکانی خۆی دەست پێ نەکردووە.

زەنگەنە وتوویەتی ئەبێ لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە دانوستان بکەین تاکوو بزانین لە کەیەوە چالاکییەکانی خۆی دەست پێدەکات.

پارسی جنووبی ڕۆژانە نزیک به ٦٧٠ میلیۆن میتری سێجا، گاز بەرهەم دەهێنێت کە ئەم ڕێژەیە بەرانبەرە لەگەڵ ٧٠ لەسەدی بەرهەمهێنانی گشتیی گازی ئێران.