کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئێن ئێن : ڕێژیمی ئێران هەتا لەسەر بەرجام ڕێک نەکەوێت ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە دووربینەکانی دامەزراوە ناوکییەکانی نادات

17:20 - 12 پووشپەڕ 2721

کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی ''سی ئێن ئێن'' لە زاری بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە تاران هەوڵ دەدات هەتا لەسەر زیندووکردنەوەی بەرجام ڕێککەوتنێک نەکرێت، ڕێگا بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی نادات کە دەستی بە دووربینەکانی چاوەدێریی ڕابگات.

بەپێی ڕاپۆرتی ''سی ئێن ئێن'' ڕێژیمی ئێران بە هەوڵەی دەیهەوێت لایەنەکانی بەشدار لە وتووێژەکانی ڤییەن، بخاتە ژێر گوشارەوە.

بە وەتەی بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەگەر ئێران لەگەڵ لایەنەکانی بەرجام بە ڕێککەوتنی دڵخوازی خۆی نەگات، ڕێگا نادات کە ئاژانس دەستی بە فیلمە تۆمارکراوەکان ڕابگات.

پێشتر ڕێژیمی ئێران لە مانگی جۆزەردان ئەو ڕێککەوتنەی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کردبووە و ئەو مۆڵەتە ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، کۆتایی پێهات.

هەتا ئیستا ٦ خوڵ لە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام بەڕێوە چووە، بەڵام دژایەتییەکانی ئێران و ئامریکا بۆ گەڕانەوە بە بەڵێنییەکانیان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا هەروا ماوەتەوە.