کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتمەدارانی ئورووپایی پشتیوانییان لە کەیسی ''هیدایەت عەبدوڵڵاپوور'' کرد

13:16 - 10 جۆزەردان 2720

 پشتگیریی سیاسەتمەدارانی ئورووپایی لە کەیسی ''هیدایەت عەبدوڵڵاپوور''، بەندکراوی سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەردەوامە.

لە دوو نامەی جیاوازدا بۆ سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، دوو ئەندام پارلمانی بێلژیک نیگەرانیی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

 ''گێئودێلە لیکێنس'' و ''تیم ڤاندنپوت'' دوو ئەندام پارلمانی فێدراڵی بێلژیک، لە نامەکانیاندا بۆ سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ئاماژەیان بە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە.

لەو نامەیەدا هاتووە، دەمانهەوێت لەم ڕێگایەوە نیگەرانیی خۆمان بەنیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران و هەروەها بارودۆخی بەندکراوانی سیاسی و جیابیران و کوژرانی بەردەوامی کۆڵبەرانتان پێ ڕابگەیەنین.

هەروەها لەو نامەیەدا نووسراوە، ئەو هۆکارەی ئەوانی زیاتر هان دا لەم بارەوە لە ئێستادا هەڵوێست بگرن، بارودۆخی بەندکراوی سیاسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوورە کە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هەردوو ئەندام پارلمانی بێلژیک لە نامەکانیاندا ئاماژەیان بەو زانیارییانە کردووە کە بەنیسبەت کەیسی ''هیدایەت عەبدوڵڵاپوور'' لە بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی لێبووردەیی نێونەتەوەیی لە ١٢ی ئەم مانگەدا بڵاو کراوەتەوە.

 بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ئەو بەندکراوە لە شوێنی خوی ڕاگوێزراوە و هیچ لایەنێکی فەرمیی ڕێژیمی ئێرانیش ئامادە نییە هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەی ناوبراو بدات.

هەر دوو ئەندام پارلمانی بێلژیکی لە نامەکەیاندا داواکارن بەنیسبەت چارەنووسی ''هیدایەت عەبدوڵڵاپوور'' ئاگادار بکرێنەوە.