کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی تێکدانی ژینگەی کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە

11:24 - 6 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە نسیبەت سیاسەتی تێکدانی ژینگە لە لایەن دەزگا و ناوەندەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی گوندی گردکاشان سەر بە شاری شنۆ، بە نیسبەت هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی ژینگەی ئەو دەڤەرە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

گەلی گردکاشان یان گەلی خوریشۆ؛ جێگایەکی گەشتیارییە؛ بەڵام لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە کراوەتە شوێنی زبڵ کۆکردنەوە، دوای ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران لە لایەن خەڵکەوە ڕێگای ئەو شوێنە گیراوە.

دوای ئەو هەوڵەی خەڵک دژ بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، جاش و بەکرێگراوێکی زۆر بە نێو گوندی "ئاڵیاوێـ"ـدا سووڕانەتەوە.

ڕۆژی ڕابردووش، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نیسبەت سیاسەتی تێکدانی ژینگە لە لایەن ڕێژیمەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا داواکارییەکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەوەی لە ئێرانی ژێردەستی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و لە كوردستانی ئێران بەتایبەتی بەسەر ژینگەی وڵاتدا دێت، سەرەڕای دیاردە و ڕووداوە سروشتییەكان كە ڕێژیم بەبێ كیفایەتی لە ئاستیاندا داماو و بێدەسەڵاتە، هەوڵی نەداوە هیچ بەرنامە و پرۆژەیەكی بۆ پارێزگاریی لە سامانە سروشتییەكانی وڵات هەبێت و ئەو ڕێژیمە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتی خۆی كوردستانی كردووەتە مۆڵگەیەكی گەورەی نیزامی كە سەدان هەزار پاسدار و چەكداری تێیدا مۆڵ دراوە و دەیان دامودەزگای سەركوتكەر و تاڵانكەری لێ جێگیر كراوە.