کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا و پڕۆپاگەندەی ڕێژیم بۆ دروستکردنی هیوا

10:52 - 12 خەزەڵوەر 2720

ئەلبورز ڕۆئین تەن

لە مانگی نوامبردا پەنجاونۆیەمین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئامریکا بەڕێوە دەچێت، چوار ساڵی ڕابردووی دوناڵد ترامپ و تایبەتمەندیی کەسایەتیی ئەو وای کردووە کە ئەو هەڵبژاردنانە بۆ خەڵکی ئامریکا زیاتر گرینگ بێت، لەلایەکی دیکەوە بڕیارەکانی ترامپ لە ئاستی نێونەتەوەییداش وای کردووە زیاتر لە جاران دونیا گرینگی بە ئەو هەڵبژاردنانە بدات. ڕووماڵی بانگەشەکانی بەربژێرەکان لەلایەن میدیاکانی زۆربەی وڵاتانی دونیا بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ گرینگیی ئەو هەڵبژاردنانە. ئەگەر گرینگیی هەڵبژاردنەکان بەنیسبەت زۆربەی وڵاتانی دونیا تەنیا لە ڕووی بەرژەوەندیی ئابووری یان هەست و سۆز یان دژایەتی یان خۆشەویستیی کەسایەتی و لێدوانەکانی ترامپ بێت، بەنیسبەت ئێران هەوڵی دروستکردنی پڕۆپاگەندەیەکی زۆر هەیە بۆ بەستنەوەی قەیرانەکان بە یەکێک لە بەربژێرەکان و ئەوەش وای کردووە کە گرینگییەکی زیاتر بدرێت بە ئەو هەڵبژاردنانە.

شایانی باسە کۆماری ئیسلامی لەو گرنگیدانە کەڵکئاژوو وەردەگرێت بۆ ئەوەی هۆکاری خراپیی دۆخی ئابووری بۆ ترامپ بگەڕێنتەوە بەو شێوەیە سیاسەتە چەوتەکانی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات تا ڕادەیەک پەردەپۆش بکات. بەستنەوەی چارەسەری گرفتەکانی وڵاتێک تا ئەو ڕادەیە بە دەرەوە و دروستکردنی هیوا لەسەر ئەو بنەمایە هەڵەیە، قەیرانەکانی نێوخۆی ئێران بەر لە هەر شتێک بۆ سیاسەتی چەوتی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، بێگومان کاریگەریی دۆخی نێونەتەوەیی زۆر هۆکارگەلی دیکە دەبێ بەرچاو بگیرێن بەڵام بەنیسبەت دۆخی ئێستای بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیاری یەکەم و ئاخری دۆخەکە کۆماری ئیسلامییە.

هەر بۆیەش دروستکردنی چاوەڕوانی لەسەر بنەمای سەرکەوتنی بەربژێرێک دروست نییە لە هەمان کاتدا نابێ لە بیر بکەین کە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا سەڕەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە سەرۆک کۆمارێکی وەک ترامپ هەیە لە ناکاو و بێ پلان دیاری ناکرێت، بەڵکوو زۆر تاک و لایەن و دامەزراوە کاریگەرییان لەسەر داڕژتنی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا هەیە.

ئەگەر بە کورتیش بێت دەبێ باس لەوە بکەین کە بۆچی وڵاتێک لە ئاستی نێونەتەوەیی تا ئەو ڕادەیە دەتوانێت کاریگەر بێت. بۆ هەڵسەنگاندی بەهێزیی وڵاتێک پێویستە سەیری فاکتۆرگەلی زۆر وەکوو حەشیمەتی وڵات، ڕووبەری وڵات، دەوڵەمەندیی ئابووری و ڕێژەی بەرهەمهێنان، ڕابردووی مێژووی، توانای بەرهەمهێنانی شارستانییەت، هەڵکەوتەی ژئۆپۆلیتیکی، توانای لەشکری و... هتد بکەین. هەبوونی گەلێک فاکتۆری لەو شێوەیە لە نێوخۆ و بە بەکارهێنانی سیاسەتێکی دەرەوەی بە بەرنامە و پلان دەتوانێت وەک ئەگەری بوون بە هێز و تەنانەت زلهێز لە ئاستی دونیا بزانین. هەر بۆیەش چونیەتیی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە گرینگییەکی زۆری هەیە و چونیەتیی داڕشتنی ئەو سیاسەتە توانیویەتی پێگەی ئامریکا لە قوناغە جیاوازەکانی مێژوویدا بەهێز بکات.

سیاسەتی دەرەوە کە بە سیاسەتی وڵاتێک لە بەرانبەر وڵاتێکی دیکە یان وڵاتانی دیکە یان بە مانایەکی دیکە ئەو سیاسەتەی کە لە ئاستی نێونەتەوەیی دەگرێتە بەر پێناسە دەکرێت. ئەوەی بە ڕوونی دیارە ئەو سیاسەتە لە ئامریکا تەنیا لەلایەن تاکێک تەنانەت ئەگەر سەرۆک کۆماری ئامریکاش بێت دیاری ناکرێت، بەڵکوو بە گوێرەی دەستووری ئامریکا زۆر دامەزراوە بە شێوازی جیاواز کاریگەرییان لەسەر دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا هەیە.

بە گوێرەی دەستووری ئامریکا هەر وەکوو لە زۆر سیستەمی دێموکراتیکیش دەبینین دەسەڵات بەسەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، ئیجرایی و دادوەری دابەش دەکات. لە هەمان کاتدا ڕێگەی کۆنترۆڵ و چاودێریی ئەو سێ دەسەڵاتەی بەسەر یەک دیاری کردووە، بۆ نموونە سەرۆک کۆمار دەتوانێت بڕیارەکانی دەسەڵاتی یاسادانان وتۆ بکات و دەسەڵاتی یاسادانان (کۆنگرە) دەتوانێت وتۆی سەرۆک کۆمار ڕەچاو نەکات، دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێت دیاری بکات کە بڕیاری کۆنگرە یان سەرۆک کۆماری پەیڕەوەی لە دەستووری ئامریکا دەکات یان نە.

ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لە سیاسەتی دەرەوەدا زۆر جار جێگای مشتومڕی دامەزراوەکان و شرۆڤەکارانی سیاسی ئامریکا بووە، سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئامریکا وەک بەهێزترین سەرۆک کۆماری دونیا دەبیندرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەهۆی چاودێریی کۆنگرە و دەسەڵاتی دادوەری وا نییە. بەڵام ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لە سیاسەتی دەرەوە زیاتر لە سیاسەتی نێوخۆ دەزانرێت و تەنانەت سەرۆک کۆمارەکان کە دووبارە خۆیان هەڵدەبژێرن ئەو سەرکەوتننای کە لە سیاسەتی دەرەوەدا بەدەست دێنن وەک بەڵگەی سەرکەوتنی خۆیان نیشان دەدەن. سەرۆک کۆمار وەک سەرۆکی حکوومەت و هەروەها سەرۆکی وڵات و هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزەکانی چەکدارە، لە وڵاتە دێموکراتیەکەکانی دیکە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی وڵات جیاوازن. هەروەها دەتوانێت ڕێککەوتنەکانی ئیجرایی لەنێوان ئامریکا و وڵاتانی دیکە ڕێک بخات و واژۆ بکات. لە هەندێک لەو ڕێککەوتنانە دەبێ بە واژۆی دو لەسەر سێی "سنا" بێت، بەڵام ڕێککەوتنە ئیجرائیەکان وەکوو ڕێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک تەنیا بە واژۆی سەرۆک کۆمار بەسترا.

سەرۆک کۆمار وەزیرەکان و وەزیری دەرەوەش یەکێک لەوانە کە بە سکرتێر ناو دەبردرێن لە ئامریکا بە سنا دەناسرێت و بە دەنگی دوو لەسەر سێی سنا دەبن بە وەزیر. وەزیری دەرەوەی ئامریکا کە وەزارەتی دەرەوە بەڕێوە دەبات بەرپرسی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکایە. هەڵبژاردنی باڵوێزەکانی ئامریکاش بە پێشنیاری سەرۆک کۆمار و پەسندی سنایە. ڕاگەیاندی شەڕ لە دەسەڵاتی کۆنگرەدایە، بەڵام ئەو بابەتە بەردەوام جێگای مشتومڕی ئامریکا بووە، بۆ نموونە جۆرج بووش سەرۆک کۆماری پێشووی ئامریکا ڕایگەیاند، ئەو وەک سەرۆک کۆمار دەتوانێت بۆ پاراستنی ئامریکا هەر کات پێویست بێت هێرشی لەشکری ئەنجام بدات، یان لە سەردەمی ئۆباما فەرمانی هێرشی لەشکری لە لیبیا بەبێ کۆنگرە دەرچوو، تەنیا دواتر کۆنگرە ئاگادار کرایەوە، بەڵام ئەو بابەتە لە سەردەمی جیاوازدا بەتایبەتی بەنیسبەت شەڕی ڤییەتنام جێگای مشتومڕی زۆر بووە. لەلایەکی دیکەوە کۆنگرە دەتوانێت بە بڕینی بودجەی لەشکری بە دژی شەڕ یان دەخاڵەتی سەربازی کە لەلایەن کۆنگرەوە ڕانەگەیندراوە ڕابووەستێت. هەروەها پەسندکردنی وەزیر و باڵوێزەکانی  و هەروەها چاودێریی سیاسەتی دەرەوە کە لە ئەستۆی کۆنگرەیە دەتوانێت بەو شێوەیە کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە دابنێت، بەڵام لە هەمووی گرینگتر زۆر جار بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار پێویستی بە بودجە و هەروەها پەسندی کۆنگرە هەیە، کۆنگرە بەو ئامرازە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە دابنێت.

لەلایەکی دیکەوە دامەزراوە لەشکری و هەواڵگرییەکانی ئامریکا کە لە ڕووی ئیجراییەوە کە بە سەرۆک کۆمار بەستراون بودجەکانیان لەلایەن کۆنگرەوە دیاری دەکرێت ڕۆڵێکی تایبەتیان لەسەر سیاستی دەرەوەی ئامریکا هەیە. چونکە هێزی دیپلۆماسیی ئامریکا بەشێکی بەرچاوی بۆ توانای بەرزی سەربازی دەگەڕێتەوە، هەر بۆیەش ئەو دامەزراوانە وێڕای دابینکردنی زانیاریی بێوێنە و هەروەها هێزی ئۆپەراسیۆن لە سەرتاسەری دونیا لەسەر بڕیاری سەرۆک کۆمار کاریگەرییان هەیە. نابێ لە بیرمان بچێت لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەم و بە تایبەتی دواتر لە سەردەمی شەڕی سارددا سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بەبێ ئەو دامەزراوانە بۆ ئامریکا مومکین نەبوو. سەڕەڕای ئەوەی هەر یەک لەو دامەزراوانەش بە شێوەیەک لەلایەن کۆنگرەوە چاودێری دەکرێن بەردەوام باس لە خەرقی یاسا یان دیتنەوەی ڕێکاڕێک بۆ ئەوەی لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی کۆنگرە دوور بن هەیە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە زیندانەکانی گوانتانامۆ بکەین کە بە گوێرەی یاساکان لەنێو خاکی ئامریکا مومکین نەبوو بەڵام لە دەرەوەی خاکی ئامریکا ئەو زیندانە دەتوانرێت بەڕێوە ببردرێت.

لێرەدا ڕۆڵی کۆمپانیا نێونەتەوەییەکانی ئامریکا بەگشتی و پیشەسازیی چەک و نەوت بەتایبەتی، پشتگیریی مادیی ئەوان لە بەربژێرانی سەرۆک کۆمار، لۆبیی جیاواز، ڕۆڵی تینک تانکە جیاوازەکان، ڕۆڵی میدیا لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی و بۆ ئەوەی لە ڕێژەی خۆشەویستیی سەرۆک کۆمار کەم یان زیاد بکەنەوە و بە دەیان ڕەهەندی دیکە بە شێوەی جیاواز کاریگەرییان لەسەر دیاریکردن یان گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا هەیە، لەلایەکی دیکەوە ئەوە تەنیا فاکتەرە نێوخۆییەکانن و فاکتەرەکانی دیکە لە ئاستی دەرەوەشدا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەو سیاستەدا هەیە. نابێ لە بیرمان بچێت ئەزموونی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا وەک زلهێزێک کە لە سەدەی ڕابردوودا کە زۆر جار براوەی ناکۆکییەکان بووە هێزێکی مرۆڤی کارامە چ لە ئاستی بیرۆکراسی و لە ئاستی ئاکادمی بەرهەم هێناوە کە وەک دەوڵەمەندییەک کەڵکی لێ وەردەگرێت.

بە ئەو چاوخشاندنە خێرایەدا بۆمان دەردەکەوێت کە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لەلایەن یەک کەس داناڕێژرێت بەڵکوو پرۆسەیەکی ئاڵۆز و لە هەمان کاتدا ڕێکخراودا دیاری دەکرێت، سەڕەرای هەموو ئەو بابەتە دەگمەنانەی کە لە مێژووی سیاسەتی دەرەوە هەن ئەوە دەسەلمێنن کە گۆڕانکاری یەک شەوە و بێ بەرنامە و ڕادیکاڵ چاوەڕوان ناکرێت. تەنانەت ئەگەر بەربژێری دڵخوازی کۆماری ئیسلامی سەربکەوێت و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ نێو بەرجام، سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیاوازدا ڕێگرن لەوەی کە دۆخێکی سەقامگیری سیاسی و ئابووری بەتایبەت بەنیسبەت ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دروست ببێت. هەر بۆیەش ئەو چاوەڕوانییەی کە ڕێژیم دەیهەوێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئامریکا لەنێو خەڵکدا دروست بکات لە کۆتاییدا بە زیانی خودی ڕێژیم تەواو دەبێت.

زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە مەجلیس لە کاتی پەسەندی بەرجام کە دەیوت ئەگەر بەرجام هەبێت گەمارۆوە یەک لایەنەکانی ئامریکا تەنیا چەند پارچە کاغەزێکن، ئەو چەند پارچە کاغەزەی زەریف دولاری لە سێ هەزار تمەن کردە سی هەزار تمەن و دەرکەوت کە زەریف تا چ ڕادەیەک هەڵەی کردووە و ئەو پارچە کاغەزە تا چ ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری دادەنێت. ئەگەری ڕاست دەرکەوتنی ئەو پێشبینییەی کە دەوترێت بە سەرکەوتنی یەکێک لە بەربژێرەکان دۆخی ئابووریی ئێران چاک دەبێت بە هەمان ئەندازەی پێشبینیی زەریف لە کاتی پەسەندی بەرجام دەبێت.