کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران وێنزۆئێلاشی گرتەوە

13:26 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، داوای کردووە کە ئێران، ڕووسیە، کووبا و چین، هێزەکانیان لە وێنزۆئێلا ببەنە دەرەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، "مایک پۆمپێئۆ"، ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بانەمەڕ، لە وتووێژ لەگەڵ سێ تەلەفزیۆنی "ئی بی سی"، "سی بی ئس"و "فاکس نیووز"، داوای لە چوار وڵاتی ئێران، ڕووسیە، کووبا و چین کردووە، کە میلیشیاکانیان لە وێنزۆئێلا ببەنە دەرەوە و  ڕێگا بدەن هەتا ڕەوتی دێموکراسیخوازیی ئەو وڵاتە گەشە بکات.

ناوبراو، لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە ئەو هێزانەی کە بە شێوەی نیابەتی (ڕاوێژکاریی سەربازی) لە لایەن ڕێژیمی ئێران باوە لە وێنزۆئێلا جێگیر بوونە، یارمەتیی هێزەکانی ڕێژیمی نیکۆلاس مادۆرۆ و میلیشیاکانی دەدەن کە بە "کالکتیو" ناسراون و ئامانجیان سەرکوتی ناڕازییانە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە قسەکانی سەرکۆماری ئامریکا کردووە و وتوویەتی: "پرێزیدێنت ترامپ بە ڕوونی وتوویەتی: کە دەبێ ڕووسیە لە وێنزۆئێلا بڕواتە دەرەوە و ئەمە ئێران و چین و بەتایبەت کووباش دەگرێتەوە و ئەم وڵاتانە دەبێت چەکدار و میلیشیاکانیان لە وێنزۆئێلا ببەنە دەرەوە و ڕێگا بە خەڵکی ئەو وڵاتە بدەن تا دێموکراسی لەو وڵاتەدا جێگیر بکەن.