کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم، ڕۆژ نییە کۆڵبەرێک نەکاتە قوربانی

10:15 - 11 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کۆڵبەرکوژی لە ئێراندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و لە هەمبەر ئەو کارەساتەدا، هیچ ناوەند و دامودەزگایەکی ڕێژیم، خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

بەهۆی نەبوونی هەلی کار و نەبوونی سیستمێکی بەڕێوەبەریی شیاو لە ئێران، خەڵک لە ناوچە سنوورییەکاندا ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و لە لایەن ڕێژیمیشەوە بە تۆمەتی ڕاگواستنی کەلوپەلی قاچاخ، دەکەونە بەر دەسڕێژیی گولـلە و دەبنە قوربانی.

ناوچە سنوورییەکان لە ئێراندا هەمیشە لە پەراوێزدا بوونە و ڕێژیمی ئێرانیش هیچ هەنگاوێکی بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لەو ناوچانە هەڵنەگرتووە.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ تاکوو ٣٠ی ڕەزبەر، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا، نزیک بە  ١١٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوونە.

چەندین دەیەیە بە هەزاران کەس لەسەر سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور، بە پارەیەکی کەم سەرقاڵی کۆڵبەرین، ساڵانە بە دەیان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەکوژرێن و ژمارەیەکی زۆریش بە تەقینەوەی مین، هەرەسی بەفر و لافاو و سەرما دەبنە قوربانی.