کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاوەش محەممەدی: ڕێژیمی ئێران مەحکوومە بە ڕووخان، واتە ئەگەر بەهۆی فاکتەرگەلی نێوخۆییشەوە نەڕووخێت، ئەوە ئەو سیستمە بەرگەی گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان ناگرێت

17:53 - 6 جۆزەردان 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

"عەلی شەمخانی"، سەرۆکی باڵای شورای تەناهیی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە: "لەبەر بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران و خەڵکی سووریە وامان بەباش زانیوە کە لە سووریە بڕۆینە دەرەوە".

ئەم قسانەی "شەمخانی" لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران و هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە، بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" چەند ساڵێکە لەو وڵاتەدان و هەزینەیەکی زۆری ماڵی و گیانییان بۆ داوە.

بۆ باسکردن لەسەر ئەم بابەتە، لەگەڵ بەڕێز "سیاوەش محەممەدی"، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، وتووێژێکمان ئەنجام داوە کە پێشکەشتانی دەکەین:

١- بەپێی وتەکانی "عەلی شەمخانی"، ڕێژیمی ئێران لەبەر کام بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران و سووریە وایان بەباش زانیوە کە لە سووریە بڕۆنە دەرەوە؟

لێرەدا گرنگە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە مەبەست لە "خەڵکی ئێران" لە ڕوانگەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کێیە؟ بەڕای من زیاتر لێرەدا مەبەست نەک خەڵکی ئێران بەڵکوو زیاتر هەمان بەرژەوەندییە باڵاکانی ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانیەتی و بێشک مەبەست لە خەڵکی سووریەش ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ئەو تاقمەن کە بە زەبری ئاسن و ئاگر خۆیان بەسەر نەتەوەکانی سووریەدا سەپاندووە. بەڵام ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا، هۆکاری بەڕاگەیاندنی کردن و درکاندنی ئاوەها هەڵوێستێک لەلایەن سەرۆکی باڵای شورای تەناهیی ڕێژیمە!

٢- هۆکاری سەرەکیی ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران بیهەوێت لە سووریە بچێتە دەرەوە چییە؟ ئایا خۆی دەچێتە دەرەوە یان ناچار بە چوونەدەرەوەیە؟

لێرەدا گرنگە بزانین مەبەست لە چوونە دەرەوە چییە، خۆ ڕێژیمی ئێران هیچکات بە شێوەی فەرمی بنکە و بارەگای لە عێراق، یەمەن، لوبنان یان ئەفغانستان نەبووە، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ڕاگواستنی هێزی نیزامی و دانانی بنکەی سەربازی لە سووریە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە بە پێچەوانەی ناوچەکانی تر هێزێکی جێگای متمانەی خۆجێیی کە بتوانێت لە سووریە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران شەڕ بکات یان بەدی نەدەکرا یان زۆر لاواز بوو، بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بوو نەک تەنها هێزەکانی خۆی لەژێر ناوی "مدافعان حرم" بگرە بەشێکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و شیعەکانی ئەفغانستانیش بگوازێتەوە بۆ سووریە.

ئەوەی ئەمڕۆ باس لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئێران لە سووریە دەکرێت، بەڕای من بە پێچەوانەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی نەک بە هۆکاری ئابووری یان بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆژراوانی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل، بەڵکوو دوو خوێندنەوەی سەرەکیی بۆ دەکرێت:

یەکەم، ئێران لەلایەن ڕووسیەوە گوشارێکی زۆری لەسەرە و ئەم گوشارانەش لەلایەن ڕووسیەوە لە ٢٠١٧ـەوە چڕ کراونەتەوە.

دووهەم، دوور نییە ئێران بیهەوێت لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئامریکا و بە مەبەستی زەربەلێدان لە پێگەی ترامپ، لە لوبنان و فەلستین بەرەیەکی نوێی شەڕ دژ بە ئیسرائیل بکاتەوە و بەم جۆرە لێدوانانە دەیهەوێت هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ بکات و وا بنوێنێت کە هیچ نەخش و ڕۆڵێکی لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ دژ بە ئیسرائیل نییە و ئەوە وەک خۆی دەڵێت "بەرەی بەرگریـ"یــە.

٣- ئایا ئێران لە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریە دەگوزەرێت یان هەر لە ڕاگەیاندنەکاندا دەڵێن کە ئەوە چوونەتە دەرەوە و دەستهەڵگری دەستێوەردانەکانیان نابن؟

ئێران هەر وەک چۆن لە عێراق و لوبنان و یەمەن و ئەفغانستان بە شێوەی فەرمی هیچ بنکەیەکی سەربازیی نییە، لە سووریەش دەتوانێت بەبێ هەبوونی بنکەی فەرمی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ڕێگای گرووپە نیابەتییەکانیەوە بپارێزێت، هەرچەند کە لێرەدا بەدڵنیاییەوە هەبوونی ڕووسیە پێگەی ئێرانی لە داهاتووی سووریە لاواز کردووە و هەر وەک بەرپرسانی ڕێژیم و یەک لەوان "حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە" ئەندامی "کومیسیۆنی تەناهیی نەتەوەیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران" لە ڕۆژانی ڕابردوودا  باسی کردبوو، سەرەڕای ئەوەی ئێران ٢٠ تا ٣٠ میلیارد دۆلاری لە سووریە خەرج کردووە، پێ ناچێت لە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت لانیکەم ئەو بڕە پارەیە قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام بەڕای من مەبەستی سەرەکیی بەرپرسانی ڕێژیم و بە ڕوونی سپای پاسداران لە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە نەک بەرژەوەندیی ئابووریی نەتەوەکانی ئێران، بەڵکوو بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیانە، دەنا خۆ کەس نییە نەزانێت کە لە وڵاتانێکی هەژار وەک یەمەن و ئەفغانستان، یان هێندێک وڵاتی ئافریقایی تێوەگلان لە شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتانە و بەفیڕۆدانی میلیاردها دۆلار لانیکەم لە باری ئابوورییەوە ناتوانێت هیچ لۆژیکێکی هەبێت! خۆ ئەگەر ئەمانەش بەبێ تێفکرینی کەسانێک وەک فەلاحەت پیشە بۆ مەبەستی ئابووری و بەرژەوەندیی ڕێژیم و خەڵکی ئێران بووبێت، ئەدی نانەوەی بۆمب لە ئاڕژانتین و سەدان هێرشی تێروریستیی ڕێژیمی ئێران لە سەرانسەری جیهان چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێت؟ بۆیە دیسانەوە لەسەر ئەو بڕوایەم کە سیاسەتی ناوچەیی ڕێژیمی ئێران نابێت بەپێی بەرژەوەندیی ئابووریی ئەو ڕێژیمە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

٤- لەم نێوانەدا گرووپ و لایەنەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران چییان لێ بەسەر دێت؟

دیارە دوو دەستەی نزیک لە ئێران لە دە ساڵی ڕابردوو و لە شەڕی نێوخۆیی سووریە شەڕیان کردووە، دەستەیەک ئەرتشی سووریە و گرووپە سووریەییەکانی وەک "حیزبوڵڵای سووریە" بوون و دەستەی دووەمیش وەک دەڵێن "سپای نێونەتەوەیی بەرگریکارانی مەزارگەکان" بوون کە بە سەرکردایەتی "سپای قودسـ" ـی ئێرانی و لە شیعەکانی ئێران، عێراق، لوبنان، ئەفغانستان و پاکستان  پێک هاتبوون.

هەرچەند لە ساڵانی ڕابردوودا و لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرەکانی شەڕ و هاوکات زیادبوونی "بوونـ"ـی سەربازیی ڕووسیە، بەشێکی زۆر لەو گرووپانەی کە لەلایەن ئێرانەوە دامەزرابوون خاکی سووریەیان جێ هێشتبوو و تەنها چەند بنکە و بارەگایەکی تایبەتیان لەنێو خاکی سووریەدا مابوویەوە، بۆیە هەر وەک لە ڕۆژانی ڕابردووش "نفتالی بنت" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەشێکی زۆر لەو گرووپانە خاکی سووریەیان بەجێ هێشتووە، بەڵام ئەوەی کە خاکی سووریەی جێ نەهێشتووە و زۆر بە سانایی دەتوانن لە هەبوونی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکیش خۆیان بخزێننە نێو پێکهاتەی نوێ و ئەرتش و دامودەزگا ئیدارییەکانی داهاتووی سووریەش، ئەو گرووپە شیعە و عەلەویانەی نزیک لە ئێرانن، کە هێندێک کارناسی نیزامی بە نزیک بە ٧٠٠٠٠ کەس دەیانخەمڵێنن، بۆیە بەش بە حاڵی خۆم پێم وایە هەرچەند نفووز و کاریگەریی ئەو گرووپانە لەوە دەچێت کەم ببێتەوە، بەڵام دیسانەوە بەشی ئەوەندەی ماوەتەوە کە بە شێوەی ڕێژەیی بەرژەوەندییەکانی ئێران بپارێزن!

٥- ئەی ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" چیی لێ بەسەر دێت؟

چارەنووسی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە کورت مەودادا ئەستەمە بکرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بەڵام بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی ڕووسیە بە دوایاندایە دوور نییە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١دا وەلای بنێت و کەسێکی نزیک لە خۆی لە جێگایدا دانێت، بۆ ڕووسیە جگە لە گرنگی ژێئۆپۆلتیکی سووریە، فاکتەری بەرژەوەندیی ئابووریش دەورێکی گرنگ دەبینێت و ڕووسیەش باش دەزانێت بەبێ هەبوونی تەناهی و مەشرووعییەتێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕێژیمی داهاتووی سووریە، ئەستەمە بتوانێت ئەو تێچووە ئابوورییانەی لە سووریە سەرفی کردووە قەرەبووی بکاتەوە، بۆیە دوور نییە بە لادانی بەشار ئەسەد، هەم پشتیوانی ئورووپا و ئامریکا بۆ بنیاتنانەوەی سووریە ڕا بکێشێت و هەمیش دڵی تورکیە و دژبەرانی بەشار بەدەست بهێنێتەوە. بەڵام ئەوەی کە لێرەدا هەم بۆ ڕووسیە و هەمیش بۆ ڕۆژئاوا گرنگە، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە و هەر گۆڕانکارییەک لە سیستمی سیاسیی سووریە ئەستەمە بەبێ ڕەزامەندیی ئیسرائیل سەر بگرێت.

٦- داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان چۆن دەبینن؟

هەرچەند کەوتنە پیش ڕووداوەکان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر زەحمەتە و بەتایبەت کە لە سووریەش چەندین ئەکتەری دەرەکی ڕۆڵ دەگێڕن و لە ساڵانی ڕابردوو و دوابەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی سووریەش گۆڕانکارییەکان زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراو بوونە، جگە لەمانەش هەڵکەوتەی جوغرافیایی ڕۆژئاوای کوردستان و دێموگرافیای ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش بەداخەوە هیچ لە بەرژەوەندیی کورد لەو بەشەی کوردستاندا نین، جگە لەمانەش وەک باس دەکرێت هەتا ئێستاکەش ئورووپا هیچ سیاسەتێکی دیاریکراوی بەنیسبەت سووریەوە نییە و لە ساڵانی ڕابردووش نیشانی داوە کە لە گۆڕانکارییەکان و تەنانەت کارەساتە مرۆییەکانیش جگە لە دەرکردنی چەند ڕاگەیەندراو یان هەڵوێستی سیاسی هیچ دەستێوەردانێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی نەبووە، تەنانەت لە شەڕی عەفرینیش ئاڵمان وەک یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە باری چەکوچۆڵەوە پاڵپشتی سەرەکیی تورکیە بوو. لێرەدا بە ڕوونی دەمێنێتەوە ڕووسیە، ئامریکا، ئیسرائیل و تورکیە و ئێران کە بە شێوەیەکی چالاک و هەر یەکە و بە جۆرێک کاریگەریی خۆی دەبێت، هەڵوێستی تورکیە و ئێران بەنیسبەت کوردەوە دیارە، بەڵام وێ دەچێت ئامریکا و ڕووسیە نایانهەوێت بەخۆڕایی کارتی کورد بسووتێنن، واتە کورد لە داهاتوو و ئێستای سووریە دەتوانێت هەمان دەور و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بگێڕێت. بەگشتی پێم وایە گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی سووریە و داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستانیش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کۆی گشتیی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئافریقا و تەنانەت کێشەکانی ئوکراین-ڕووسیە هەیە، ئەگەر سەرنجتان دابێت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی سەر بە تورکیە و دەوڵەتی وفاق لە لیبی پێشکەوتنێکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە و هاوکات هێزەکانی سەر بە ڕووسیەش پاشەکەشەیان کردووە و باس لە بەجێ هێشتنی بەرەکانی شەڕ لەلایەن هێزە شەڕکەڕە ڕووسەکانی نزیک لە حکوومەتی ڕووسیە لە لیبی دەکرێت، هاوکات ڕووسیەش لە سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵێک جموجۆڵی بەنیسبەت ئارامکردنەوەی دۆخی بەرەکانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی سووریە و کوردەکان و تورکیە، بۆ نموونە ڕێگای ناسراو بە "ئم.فۆڕ" و ناوچەکانی دەوروبەری کردووە و ڕێککەوتنی نێوان حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش لەلایەکی تر ئاماژەییەکی باشە و جگە لەوەی کە کورد پێگەی خۆی بەهێز دەکات، دوور نییە کورد بەم یەکگرتووییەی خۆی بتوانێت پشتیوانی زیاتری ئەکتەرە ناوچەیی و جیهانیەکانیش بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و داهاتووی خۆی مسۆگەر بکات.

٨- ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ڕێژیمی ئێران بە یەکجاریش لە عێراق بچێتە دەرەوە؟

من ئەوە زۆر بە دوور دەزانم، یەکەم ئەوەی کە ئێران و عێراق نزیکەی هەزار و چوارسەد کیلومیتر سنووری هاوبەشیان هەیە و پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە لانیکەم لە ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوازدە ملیارد دۆلاری تێپەڕاندبوو، جگە لەمانەش ئێران توانیویەتی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و  لە دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق و دواتریش دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری گرووپ و ئەحزابی سیاسیی دژبەری سەدام کە ئێستا لە دەسەڵاتدان پتەو بکات و جگە لەمانەش لە ڕێگەی "سپای قودسـ"ــەوە هێژمۆنیی خۆی بەسەر زۆربەی ئەو حیزبانەدا بسەپێنێت، هەرچەند دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی عێراق و بەتایبەت دوای سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە بە دەست دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران، پێگەی ئێرانی شەق کردووە و ڕۆژ بە دوای ڕۆژ دەنگی ناڕەزایەتییەکان بەنیسبەت دەستێوەردانەکانی ئێران لە نێوخۆی عێراق بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام دیسانەوەش پێم وایە ئێران ئەوەندە گرووپ و تاقمی لەو وڵاتەدا هەیە کە بتوانین بەرژەوەندییەکانی بپارێزن.

٩- داهاتووی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا چۆن دەبینن؟

ئەوەی لە کورتمەودادا شیمانە دەکرێت، کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە وڵاتانی ناوچەیە، هەرچەند بە دووری دەزانم کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بتوانێت بەگشتی دەستی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە ببڕێنەوە، بەڵام درێژەکێشانی دۆخی ئابووری و گەماروکان لە کورتمەودادا ئێران ناچار دەکات ئەگەر بە شێوەی کاتیش بووبێت لە هێندێک وڵات چالاکییەکانی سنووردار بکات و وەک ئەوەی لە سووریەش ڕوو دەدات، بە ڕواڵەتیش بێت باس لە کشانەوەی هێزەکانی بکات.

لە دوورمەودادا ڕێژیمی ئێران مەحکوومە بە ڕووخان، واتە ئەگەر بەهۆی فاکتەرگەلی نێوخۆییشەوە نەڕووخێت، ئەوە ئەو سیستمە بەرگەی گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان ناگرێت، وەک لە جێگایەکی تریش ئاماژەم پێ دابوو، ئەمە سروشتی سیاسەتی وڵاتانی لیبراڵییە و ئێران ناتوانێت لەدەستیاندا دەربازی بێت، ئامریکا و وڵاتانی لیبراڵی ئامانجی کۆتاییان گۆڕینی سیستمی سیاسیی ئێرانە، گۆڕینی ئەو سیستمە یان بە ڕێگای "دەستێوەردانی نیزامی" بەڕێوە دەچیت یان لە ڕێگای "دەستێوەردانی سیاسی"، واتە هەر دوو ڕێگاکە بە گۆڕینی سیستمی سیاسیی ئێران کۆتاییان پێ دێت! یان بە "شەڕ" یان بە "ئاشتی"!