کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیخوڕێکی تاوانبار بە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمی ئێران دادگایی کرا

12:07 - 13 بانەمەڕ 2720

کەسێکی تاوانبار بە سیخوڕی و تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمی ئێران کە بە نیابەتیی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەو کردەوانەی بەڕێوە دەبرد لە دادگایەکی دانمارک دادگایی کرا.

ڕۆژی هەینی ١٢ی بانەمەڕ، پیاوێکی ئێرانی- نۆروێژی و تەمەن ٤٠ ساڵە، کە بە "فەرمانی ڕێژیمی ئێران" خەریکی کاری سیخوڕی و تێرۆر بووە، لە شاری "ڕاسکیلە" لە ڕۆژاوای "کۆپێنهاگ" دادگایی کرا.

سەردۆزگەری ئەو دۆسیەیە لە دادگاییەکەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پیاوە ٤٠ ساڵە بە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ تێرۆری کەسێکی ئێرانیی دوورخراو کە ڕێبەری بزووتنەوەی پەیکاری عەرەبی بۆ ئازادیی ئەلئەحوازە تاوانبار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، سەردۆزگەری دۆسیەکە لە ڕاگەیاندنی تاوانەکەدا وتوویەتی کە ئەو کەسە کە تاوانەکانی خۆی ڕەت کردووەتەوە، عەمەلیاتی دۆزینەوەی بۆ تێرۆر لە دانمارک، بە فەرمان و بەپێی ڕێنماییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران، ئەنجام داوە.

یەکێک لە تاوانەکانی ئەو کەسە، تۆمارکردنی وێنە و فیلم لە شوێنی نیشتەجێبوونی تاوانلێکراوەکە، بە ماوەی ٣ ڕۆژ لە مانگی سێپتامبری ٢٠١٨دا بووە.

دەوڵەتی دانمارک لەو باوەڕەدایە کە داڕشتنی پلانی ئەو تێرۆرە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و بۆ تۆڵەکردنەوەی هێرشی چەکدارانە بۆ سەر ڕێژەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ لە شاری ئەهوازدا بووە.

ڕێژیمی ئێران بە شێوەی فەرمی ئەو تاوانەی ڕەت کردووەتەوە و بڕیارە حوکمی دادگا لە مانگی ژووەنی ئەمساڵدا ڕابگەیەندرێت.