کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیخوڕێکی تری ڕێژیمی ئێران لە ئورووپادا دەسبەسەر کرا

17:41 - 26 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سیخوڕێکی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، لە ڕیزەکانی سپای ئاڵماندا دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئیشپیگلـ"ـی ئاڵمان، یەکێک لە فەرمانبەرانی سپای ئاڵمانی فیدراڵ کە بە ڕەگەز ئەفغانییە و زانیاریگەلێکی زۆر گرینگ و نهێنی لە ڕیزەکانی سپای ئاڵمانی لە بەردەستدا بووە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وەزارەتی ئیتلاعات و ناوەندە سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران، دەسبەسەر کرا.

پێتر فرانک، دادوەری گشتیی ئاڵمانی فیدراڵ ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتبارە کە بە ناوی "عەبدولحەمید. س"، تەمەن ۵۰ ساڵ و لەدایکبووی وڵاتی ئەفغانستان ناسێندراوە، بەدواداچوون بۆ تۆمەتەکەی دەکرێت.

عەبدولحەمید س، کە ئەرکی هەڵسەنگاندنی زمان و ڕاوێژکاری کاروباری فەرهەنگی و پێوەندییە خەڵکییەکانی لەگەڵ سپادا لە ئەستۆ بووە، چەندین ساڵە هاوکاریی لەگەڵ دەزگای ئیتلاعاتی و ناوەندە سیخۆڕییەکانی تری ڕێژیمی ئێران هەبووە و زانیاریگەلێکی زۆر گرینگ و نهێنیی لە بەردەستدا هەبووە، کە بۆ سپای ئاڵمان زۆر بەنرخ بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "دوێچە ویلە"ی ئاڵمان، چالاکی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی ئورووپایی و هەوڵی تیمە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە ئورووپا بۆ تێرۆرکردن و لەنێوبردنی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران، نیگەرانیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئاڵمانی لێ کەوتووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە، کە دوکتور سەعید شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی، لە ۲۶ی خەرمانانی ۱۳۷۲ی هەتاوی، کە لە کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە شاری "بێرلین"ـی ئاڵمان بەشدار بوو، لە لایەن سیخوڕ و تیمە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەخرێنە ژێر چاوەدێری و لە ڕیستورانێک بە ناوی مێکۆنۆس لەو شارە، تیرۆر دەکرێن.

پاش بەدواداچوونێکی زۆر دادگای گشتیی ئاڵمان لە بڕیارێکی دادپەروەرانەدا، چوار ساڵ پاش کارەساتەکە، لە ساڵی ۱۳۷۶ی هەتاوی، کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانباری سەرەکیی ئەو تێرۆرە ناساند و سزای بۆ پێنج تێرۆریستی ڕێژیم دەرکرد، کە ئەو کردەوە تێرۆریستییەیان ئەنجام دابوو.