کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێران لەلایەن دەوڵەتی نۆروێژەوە دەر دەکرێت

12:22 - 21 خەزەڵوەر 2720

ڕێکخراوی تەناهیی "نۆروێژ" داوای لە وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە کردووە ئاخوندێکی سیخوڕ سەر بە ڕێژیمی ئێران کە بەڕێوەبەری ناوەندی "ئیمام عەلیـ"ـیە لە "ئۆسڵۆ"، لەو وڵاتە دەر بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "نۆروێژ" ڕێکخراوی تەناهیی "نۆروێژ" لەو داواکارییەی خۆیدا هۆکاری دەرکردنی ئەو ئاخوندەی ڕێژیمی ئێرانی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم گەڕاندووەتەوە.

 لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەو ئاخوندە تاوانبارە بە داڕشتنی پلانی تێرۆری چالاکانی ئەهوازیی دژبەری ڕێژیم لە وڵاتی دانمارک بە هاوکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم.

هەرچەند ڕێکخراوی تەناهیی "نۆروێژ" شوناسی ئەو ئاخوندەی بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام چەند ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەک، شوناسی ئەو ئاخوندەیان "مستەفا موتەهەری" ڕاگەیاندووە.  

ناوەندی "ئیمام عەلی" لە "ئۆسڵۆ" لەگەڵ "ناوەندی تەوحیدی ئیسلامی" لە گرینگترین ناوەندەکانی شیعە لە وڵاتی نۆروێژ بە ئەژمار دێن کە تەبلیغ بۆ ڕێژیمی ئێران دەکەن و ساڵانە بڕی ٦٠٠ هەزار کرۆن پارە لەو وڵاتە وەردەگرن و ٦٣٢ ئەندامی هەیە.