کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیخوڕێکی ئێرانی- نۆروێژی لە دانمارک بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

12:59 - 7 پووشپەڕ 2720

پیاوێکی ئێرانی- نۆروێژی کە ساڵی ٢٠١٨ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران و داڕشتنی پیلانی کوشتن و تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کرابوو، لە دادگایەکی دانمارک بە زیندان مەحکووم کرا.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕ، بڵاوی کردووەتەوە کە دادگایەک لە دانمارک، کەسێک بە ناوی "محەممەد داودزادەی لوولئی" تەمەن ٤٠ ساڵی بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

ئەو کەسە نۆروێژییە کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، بەوە تاوانبار کراوە کە یەکێک لە پیلانداڕێژەرانی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی "بزووتنەوەی ئەلئەحواز" بووە.

ئەو دادگایەی دانمارک لەو کەیسەدا بەو ئامانجە گەیشتووە کە تۆمەتبارەکە زانیاریی سەبارەت بە یەکیک لە پەنابەران کۆ کردووەتەوە و ڕادەستی دەزگای ئیتلاعاتیی ڕێژیمی ئێرانی کردووە.

"سۆرێن هاربۆ"، دۆزگەری ئەو دۆسیەیە وتوویەتی: "ئەو حوکمە جگە لەوەی کە سزادانی تاوانبارەکە بێت، هەڵگری پەیامێکیشە بۆ دەزگا ئەمنییەتییەکانی وڵاتەکانی دیکە و ئەوان دەبێ کێشە نێوخۆییەکانیان لە وڵاتەکانی خۆیاندا چارەسەر بکەن و ئێمە تێکەڵ بە کێشەکانیان نەکەن".

ئەو دۆزگەرە هەروەها وتوویەتی کە حوکمی جەلبی نێونەتەوەیی گرێدەری ئێرانیی ئەو تاوانبارەش دراوە.

لە بەرانبەردا ڕێژیمی ئێران پەیوەندیی ئەو کەسەی لەگەڵ ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئێران و هەوڵدان بۆ تێرۆری ئەو ئەندامەی "ئەلئەحواز"ی ڕەت کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام و وەک سیاسەتێکی بنچینەیی، لە ڕێگای مۆرەکانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکان، هەوڵ بۆ سڕینەوەی فیزیکی و تێرۆری دژبەرانی خۆی دەدات و بۆ دەربازبوون لەو کردەوە تێرۆریستییانە نکۆڵییان لێ دەکات.