کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیخوڕەکانی رێژیمی ئێران جلوبەرگی پێشمەرگە لەبەر دەکەن

12:42 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نوێترین هەوڵی خۆیدا، بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی شار و شاخ، جلوبەرگی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەبەر سیخوڕەکانی خۆی دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسداران لە ناوچەی سەوڵاوای مەریوان و ناوچەی ژاوەرۆ، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی شار و شاخ شەوانە هێزەکانی خۆی لە شاخەکانی دەوروبەری سەوڵاوادا جێگیر دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران بەگشتی جلوبەرگی خاکی واتە جلوبەرگی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەبەر دەکەن، تاکوو لەم ڕێگایەوە، خەڵکی دڵسۆز فریو بدەن و بتوانن پێشمەرگەکانی شار و خەمخۆرانی حیزب لە نێوخۆ بخەنە نێو داوی خۆیانەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هەروەها ڕاشیگەیاندووە، کە سپای پاسدارن لە پەهبادی هەوایی واتە فڕۆکەی چوار پەروانەیی کۆنتڕۆڵدار بۆ چاوەدێریی بەسەر ناوچەکەدا کەڵک وەردەگرێت، کە توانایی ناسینی لە ڕێگەی دووربینی شەو لە مەودای ٣٠٠ تا ٤٠٠ متری هەتا زەویی هەیە.