کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیستانی: سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی هەڵبژێردرێت

11:58 - 16 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: مەرجەعی تەقلیدی شیعەکانی عێراق، داوای لە حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کردووە لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقدا پێش بە "دەستێوەردانی دەرەکی" بگیرێت.

"عەلی سیستانی" مەرجەعی تەقلیدی گەورەی شیعەکانی عێراق، لە وتاری نوێژی هەینیدا، داوای لە حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کردووە، لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئەو وڵاتەدا پێش بە "دەستێوەردانی دەرەکی" بگیرێت و وتوویەتی کە "دانانی سەرۆکوەزیران، دەبێ بە دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی" بێت.

"سیستانی"، لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق بە نیسبەت گۆڕینی حکوومەت لە عێراقدا، بەردەوام پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران و داواکانیان کردووە و داوای کشانەوەی دەوڵەتی کردبوو کە، "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە وڵامی داواکەی سیستانیدا، دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

قسەکانی "عەلی سیستانی"، لە حاڵێکدایە کە، بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتووی عێراق، بە دەستێوەردان یان تەنانەت بە چاوەدێریی پاسدار "قاسم سلێمانی" فەرماندەی سپای قودس، لقی دەرەوەی سنوورەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و "محەممەد کەوسەرانی"، نوێنەری تایبەتی حیزبوڵای لوبنان لە بەغدادا لە بەڕێوەچووندایە.

سیستانی لەو بارەوە جەختی کردووەتەوە کە لەو دانووستانانەدا "بەشداری ناکات" و " هیچ ڕۆڵێکی" لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئەو وڵاتەدا نییە، بەڵام داواکارە کە لەو بارەیەوە ڕای خەڵک لە بەرچاو بگیرێت.