کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیلوانا لە لایەن ڕێژیمەوە گەمارۆی ئابووریی دەدرێت

18:09 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزی سەرکوتکەری ئینتزامیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاری بنکە و دامەزراوەکانی ڕێژیم دەیهەوێت ٤٠٠ دووکانی هاووڵاتییان داگیر بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سیلوانای ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ؛ لە شارەکی زێوه بازاڕێک دروست کراوە کە ٤٠٠ دووکان لەخۆوە دگرێت و ماوەی ٢٠ ساڵە خەڵکی کەم داهات بژیوی ژیانیان لە ڕێگای ئەو دووکانانەوە دابین دەکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، داخرانی سنوورەکان، نەبوونی کارخانە، شیرکەت، وەرزێڕی و ئاژەڵداریی سوننەتی هاوکات گەمارۆ ئابوورییەکان؛ گوشارێکی زیاتری بۆ خەڵک هێناوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، شیرکەتێک بە ناوی "یەکیەتیی تەعاونیی هاکە" دامەرزاوە کە ئەو یەکیەتییە خانەنشینکراوانی هێزە چەکدارەکان و باقی ڕێکخراوەکانی ڕێژیم لەخۆوە دەگرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد، بەخشداریی بەخشی سیلوانا و دێهیارییەکانی ناوچەی مەرگەوەڕ پێکەوە کۆ بوونەتەوە و دەیانهەوێت ئیختلاسێکی دیکە بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەخشداری و دێهارییەکان لە ڕێگای هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران پەروەندەی جەعلی بۆ دووکانداران دروست دەکەن و بە زۆرەملێ دووکانەکانیان لێ داگیر دەکەن.

ئەو ئیقدامەی دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم لە کاتێکدایە خەڵکی ئەو بازاڕە خۆیان خاوەنی دووکانەکانن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، ئەو ئیقدامەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و هێزەکانی ڕێژیمیش هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە ئەگەر هاوکاریمان نەکەن ڕادەستی دادگاتان دەکەین و سزاتان دەدەین.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ بازاڕیان ڕایانگەیاندووە به هیچ جۆرێک دووکانەکانمان ڕادەست ناکەین و دەست دەدەینە مانگرتن.

ئەو بازاڕە مڵکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە لایەن ئیدارەی کاروباری پەنابەرانەوە بەڕێوە دەبردرێت.