کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس لەوڵاتی سوید بەڕێوە چوو

15:21 - 31 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: لەسمیناری وڵاتی سوید، بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە سەبارەت بە بابەتە سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان کە د. شەرەفکەندی بایەخی پێدەدان و هەوڵی دەدا کە بنەماکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕی لەرووی زانستیەوە دابمەزرێنێت. باسی لێ کرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتی سوید، بە بۆنەی ٢٣ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و هەروەها نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەشاری ئێسکیلستونا سمینارێکی بەڕێوە برد.

سەرەتا سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەوڵاتی سوید لەلایەن ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب دێموکرات خوێندرایەوە.

کاکەیی لەپەیامەکەیدا وتی: دوکتور سادقی نەمر، لەسەر ئەو باوەڕەدا بوو کە مرۆڤی شۆڕشگێر لەپەنای هەستی شۆڕشگێریدا پێویستی بە زانست و زانیاری هەیە، سەبارەت بە بابەتە سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانیش، دڵسۆزانە هەوڵی دەدا بنەماکانی شۆڕش وشۆڕشگێری لەڕووی زانستیەوە بۆ هاوسەنگەرانی شی بکاتەوە.

بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد: دوکتور سەعید، پێی‌وابوو کە خەبات لە پێناو رزگاری گەلێکدا تەنها لەوە دا نیە کە خاکەکەی لەدەست دوژمنەکەی رزگار بێت، بەڵکوو هاوکات لەگەل ئەوەشدا پێویستە شۆڕشگێڕ لەڕووی ئابووری وسیاسی و کۆمەڵایەتیەوە پلانی رزگاریی گەلەکەی لەچنگ نادادپەروەری و چەوسانەوە و دابینکردنی دێموکراسی وئازادیشدا هەبێت.

لەبەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، سەبارەت بە ٢٣ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس باسەکەیان پێشکەش بکەن.

ئەحمەدی لەسەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بە بەرنامە و پلانی ئاگاهانەی رێبەری شەهید د. شەرەفکەندی بۆ داهاتووی گەلەکەی کرد و لەو بارەیەوە وتی: بۆ بەرەو پێشبردنی سیاسەت و رێبەرایەتی‌کردنی حیزبی دێموکرات، د. شەرەفکەندی تاکە کەس بووە پاش شەهید د. قاسملوو.

ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها باسی لە: مەترسی رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی مەترسی کاریگەری ئەو پلانە دزیوانەی لەباشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان کرد و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی لەو پێوەندییەدا باسکرد.

بەشی کۆتایی ئەو سمینارە بۆ پرسیار و تێبینی بەشداربووان تەرخان کرابوو کە لایەن لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وڵامیان درایەوە.