کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سینەماكارێكی لوڕ خەڵاتێكی نێودەوڵەتیی لەوڵاتی ئەفریقا بەدەست هێنا

15:01 - 26 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی گوڵچێهرە لەدەرهێنانی وەحید مووساییان سینەماكاری لوڕستانی، خەڵاتی كەشتی زێڕینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی زەنگباری بەدەستهێنا.


ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، فیلمی سینەمایی گوڵچێهرە لەدەرهێنانی سینەماكاری لوڕستانی وەحید مووساییان و لە وێنەگرتنی سینەماكاری كورد هوومەن بێهمەنێش، لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی ١٦ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی زەنگبار لە وڵاتی ئەفریقا نمایش كرا.
ئەو فیلمە لەلایەن ئەندامانی لێژنەی فێستیڤاڵەكەوە خەڵاتی سەرەكیی كەشتی زێڕینی باشترین فیلمی پێشكەش كرا.
فیلمی سینەمایی گوڵچێهرە هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران پێشكەش كراوە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە.
ئەم فیلمە لەدوایین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لەبەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی ٤٥مین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی هۆستێن لە ویلایەتی تێگزاسی ئەمریكا نمایش كرا و لەلایەن ئەندامانی لێژنەی داوەرانی ئەم فێستیڤاڵەوە خەڵاتی رێمی پلاتینی پێ بەخشرا.