کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سینەماکارێکی ناسراوی کورد ماڵاوایی لە دنیای هونەر کرد

11:26 - 21 خەرمانان 2720

سینەماکار و نووسەری ناسراوی کورد و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک "تەیفوور بەتحایی" لە تەمەنی ۷۳ ساڵیدا لە وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد.

کاک "تەیفوور بەتحایی" ساڵی ۱۳۲٦ی هەتای لە شاری سنە لەدایک بووە و خوێندنی لەو شارەدا تەواو کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندن لە چوارچێوەی گەڵاڵەی "سپای دانیشـ"ـدا مامۆستایی کردووە.

لە ساڵەکانی ۱۳٤٨ ھەتا ۱۳٥۲ لە "مەدرەسەی سینەما و تێلڤیزیۆنی تاراندا" لە بەشی وێنەگرتندا خوێندوویەتی.

کاک "تەیفوور" لە دەیەی چلی هەتاوی بەھۆی ئەندامبوون لە ڕێکخراوە چەپەکانی سەردەمی پاشایەتی لە ئێران "گرووپی دوازدە" لە گەڵاڵەی بە بارمتەگرتنی "فەرەح پەھلەویـ"ـدا، هاوڕێ لەگەڵ تێکۆشەرانی دیکەی سیاسیی ئێران "کەرامەتوڵڵا دانشیان و خوسرەو گوڵ سورخی" دادگایی کرا و زیندانی ھەتاھەتایی بۆ دەرچوو.

لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۳٥۷دا هاوڕێ لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانی سەردەمی ڕێژێمی پاشایەتی ئازاد بوو و گەڕایەوە کوردستان و لەگەڵ ژمارەیەک چالاکی سیاسیی دیاری شاری سنە خەباتی سیاسیی خۆی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە پێدا.

لە کۆنگرەی ٥ی حیزب لە ساڵی ۱۳٦۰دا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژیردرا و لە کۆمیسیۆنی ئینتشاراتدا کاری دەکرد.

کاک تەیفوور یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی بوو.

ناوبراو بێجگە لە کاری سیاسی کاری هونەری لە بەشی فیلم و سینەمادا دەکرد. "نان و ئازادی" یەکێک لە بەرهەمە هونەرییەکانی کاک "تەیفووری بەتحاییـ"ـە.

دواتر بەهۆی گرفتی بنەماڵەیی نەیتوانی لە کوردستان بمێنیتەوە و ڕووی لە وڵاتانی ئورووپایی کرد، بەڵام چالاکیی سیاسیی خۆی پاش نیشتەجێبوون لە  وڵاتی سوئید درێژە پێدا.

ئەو سینەماکارە ناسراوەی کورد سەرئەنجام لە تەمەنی ۷۳ ساڵیدا لە شاری یوتۆبووریی وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد.

بەشێک لە بەرهەمەکانی ناوبراو بەم چەشنەیە:

ئاغەی چۆخ بەخت یۆخ ١٩٩٠

ژیان بە دەم زریانەوە (ڕۆمان) ١٩٩٣

چوار ڕەوایەت (چوار وتووێژ) ١٩٩٨

دارا و نەدار لە دنیادا (وەرگێڕان لە سوئیدییەوە)٢٠٠١

گەلاوێژ (سناریۆ/چیرۆک) ١٩٩٢

مافی ژن لە کۆمەڵی کوردەواریدا (کاری هاوبەشی ژیلا فەرجی و تەیفور بەتحایی)٢٠٠٠

نووسینی سناریۆ بۆ فیلم (وەرگێڕان لە سوئیدییەوە) ٢٠١٢

سەفەری خەیاڵ (ژیاننامە) ٢٠١٣

ژیان وەکوو خۆی (ڕۆمان) ٢٠١٥

ئەسپەنجێر (٢٠١٨)

فیلمەکان

ئازار (رنج) – مستند ۱۹۷۹

نان و آزادی – مستند ۱۹۸۱ تا ۸۳

هه‌وار (کوچ) – مستند ۱۹۸۱ تا ۸۳

قله‌های سرفراز- مستند ۱۹۸۱ تا ۸۳

روشنایی شمعها – مستند ۱۹۸۱تا ۸۳

گله گرگ- فیلم بلند ۱۹۹۰

دیبلیاچا- مستند دربارهٔ کولیها۲۰۰۲

توطئهٔ سیاه – مستند ۲۰۰۶

کتێبەکان

فارسی

زندگی در باد (رمان)

چهار روایت (رمان)

دارا و ندارها در دنیا (ترجمه)

آقای چوخ بخت یوخ

سفر خیال (از کرسان تا کردستان) (بیوگرافی)

زندگی همچون خودش (رمان)

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو تێکۆشەر و سینەماکارەی کورد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم، کەسوکار و هونەرمەندانی تێکۆشەر دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.