کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیپری: تێچووی نیزامیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ١٣ میلیارد دۆلار بووە

14:07 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە نوێترین ڕاپۆرتی "ڕێکخراوەی نێونەتەوەییی لێکۆڵینەوەی ئاشتیی ستۆکهۆڵم"، ناسراو بە "سیپری" هاتووە: کە تێچووی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، زیاتر لە ١٣ میلیارد و ١٩٤ میلیۆن دۆلار بووە.

سیپری، یەکێک لە باوەڕپێکراوترین هزرگە نێونەتەوەییەکانە، کە لە بواری شیکاریی شەڕ و ئاشتی و بازرگانیی کەرەستەکانی شەڕ، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بانەمەڕ، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران لە بواری تێچووە نیزامییەکانەوە لە پلەی ١٨ی جیهاندایە".

ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات: " تێچووە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا  بەپێی ساڵی ٢٠١٧، ٩.٥ لەسەد، کەمی کردووە".

زانیاریی ئامارییەکانی ئەم بنکە نێونەتەوەیییە پیشان دەدەن، کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، بەگشتی ١٣٩ میلیارد و ٣١٥ ملیۆن دۆلاری لە بەشی نیزامیدا خەرج کردووە.

ئەم ڕێکخراوەیە، هۆکاری کەمبوونەوەی تێچووە نیزامییەکانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، بۆ کێشە ئابوورییەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمی ناپەتیی نێوخۆیی و هەڵاوسانی زۆر گەڕاندووەتەوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی سندووقی نێونەتەوەییی پارە، گەشەی ئابووریی ئێران، لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٣.٩ لەسەد کەمی کردووە و لە ئەمساڵیشدا بە بەراوردی هەناردەکردنی ڕۆژانەی ٩٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، دووبارە شەش لەسەد کەم دەبێتەوە و ئەگەری هەناردەکردنی نەوتی ئێران بپچڕێت، ڕێژەی ئەم کەمبوونەوەش زۆرتر دەبێت.

ئامریکا، دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو، کۆتایی بە مۆڵەتی کڕیارانی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی هێنا، هەتاکوو هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیم بە سفر بگەیەنێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە نەوت پشکی ٤٠ لەسەدیی لە بوودجەی ڕێژیمی ئێراندا پێک دێنێت.

لەم حاڵەدا، ڕێژیمی ئێرانیش هەوڵی داوە بە هەڵگرتن پارە لە سندووقی گەشەی میللی، کە بۆ گەشەی گەڵاڵەکانی کەرتی تایبەت دامەزراوە، بۆ تێچووە نیزامییەکان کەڵک وەر بگرێت.

"مەحموود نیگەهبان سەلامی"، ڕێبەندانی ساڵی پێش ڕایگەیاند: کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، بۆ هەڵگرتنی ١.٥ میلیارد دۆلار لە سندووقی گەشەی میللی بۆ بەهێزکردنی پێگەی بەرگریکاریی ڕێژیم، ڕەزامەندیی خۆی دەربڕیوە.

خامنەیی، ساڵی ٩٦یش فەرمانی دابوو، کە ٢.٥ میلیارد دۆلار لەم سەندووقە بۆ ئامانجی نیزامی هەڵ بگرن.