کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ بڕیارە گۆشە زێڕینەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

14:01 - 11 گەلاوێژ 2720

محەممەد سلێمانی

لە بیرەوەریی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە تیشك خستنە سەر سێ بڕیارە گۆشە زێڕینەکەی حیزب و ‌هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، باس لە بایکۆتی ڕێفراندۆم و وڵامی بەڵێی لەبەیەك بۆ پەیامی ئاشتیی خومەینی و ١١ی ڕەشەمە، وەك ڕووداوگەلێکی گرینگ و مێژوویی دەخەینەوە بەرچاوی تێکۆشەرانی حیزب و ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی بزووتنەوەی نەتەوەی کوردستان.

سێ ڕووداوی پڕشنگدار لە مێژووی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە تا ئێستاش وەك هەڵوێستی زێڕینی نەتەوەیی لە بەرامبەر حکوومەتی ئاخوندی تاراندا لێکدانەوەیان لە سەر دەکرێ و بنەما و جەوهەری بڕیارە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتیان وەك هێزێکی تێکۆشەر و نەتەوەیی نیشان داوە و پاش تێپەڕبوونی نزیك بە چوار دەیە بە سەر ڕووداوەکاندا، بە شانازیەوە وەبیر خەڵکی کوردستانیان دێنینەوە.

پاش بە دەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی خومەینی و بەلاڕێدابرانی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران و نکۆڵیکردن لە فرەنەتەوەیی بوونی وڵات و ڕەتکردنەوەی دێموکراسی و بنەما دێموکراتیکەکانی کۆمەڵگایەکی بەتەواوی مۆدێڕن. حیزبی دێموکرات بە هاوکاری و پشتیوانیی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام هێزی سەرەکی پاڵنەر و بووژانەوەی ڕۆحی سیاسی و شۆڕشگێڕیی بووە لەو بەشەی کوردستان و بەهۆی هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەیەکانییەوە بۆتە جێگای هیوا و ئومێدی خەڵك.

یەکێك لەو هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەییانەی حیزب کە پاش زیاتر لە ٤١ ساڵ، شانازیی پێوە دەکەین لە مێژووی سیاسیدا، بایکۆتکردنی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە ئێران بەمەبەستی بەخشینی متمانەی سیاسی و ئیداری بە دەسەڵاتی ئاخوندی تاران بوو. حیزب لەو کاتەدا زۆر ژیرانە لێکدانەوەی بۆ دۆخی سیاسی و کۆمەڵاتیی وڵات کرد و بەرئەنجامی ئەو ڕوانینە سیاسیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوە بوو کە بڕیاری بایکۆت و بەشداری نەکردنی لە ڕیفراندۆم بە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەیاند و هۆکارەکەشی بە ڕوونی شی کردەوە.

٤۱ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ حیزبی دێموکرات سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە سێبەری دەسەڵاتی ئاخوندیی ئێراندا وەك بابەتێکی بێ‌هاوتا و پەرتاوی سیاسی و نەتەوەیی زانی و هەر بۆیەش بڕیاری ژیرانەی دا و داوای لە خەڵکی کوردستان و هێزەکان کرد بە هیچ جۆرێك بەشداری نەکەن و متمانەی سیاسی و نیشتیمانی بە دەسەڵاتێك نەدرێت کە جگە لە نکۆڵیکردن لە مافی سیاسی گەلان، بەرنامەیەکی ئەوتۆیان نەخستۆتەڕوو کە تێیدا هەست بە ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی بکرێ و مافی سیاسیی نەتەوەیی گەلی کورد  و گەلانی تری وڵات لە بەرچاو بگرن و زامنی مافی سیاسی هەموو لایەك بکات.

خومەینی لە کاتێدا ئەو ڕێفراندۆمەی بەڕێوەبرد کە  بۆ کەس ڕوون نەبوو سەبارەت بە داهاتووی ئێران چ بەرنامە و ستڕاتێژیەکیان دەبێت، بەڵام ڕێبەری حیزب زۆر بە باشی لە نیەتی کاربەدەستانی تاران تێگەیشتبوو کە بە تەمای چین و هەوڵی ئەوەیان دەدا وڵات بە شێوەی دیکتاتۆری و دەسەڵاتێکی ستەمکارانە بەڕێوە بچێت و شتێك بە نێوی ئازادی تاك و کۆمەڵ بوونی نەبێ و دەرفەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە نەتەوە و هێزەکانی وڵات نەدرێت.

 بەشدارینەکردنی حیزب لەو ڕیفراندۆمەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دیار نەبوو چ جۆرە دەسەڵاتێك دەبێتە جێگرەوەی حکوومەتی شا و لەوەش گرینگتر سەبارەت بە مەسەلە جەوهەریەکانی وەك دێموکراسی و مافی نەتەوەیی و سیستەمی حوکمڕانی بەرنامەیەکی ڕوون و دیاریکراو دانەنراوبوو و هەر لەسەرەتاوە، ئاماژەکان دیاربوون کە ئێران بەرەو دەسەڵاتێکی ستەمکار و دژی ئازادی و مافی نەتەوەی گەلان هەنگاو دەنێت و لە سێبەری ئەو دەسەڵاتەدا، جگە لە ماڵوێرانی و کاولکاری، خێرێكی بۆ پێكهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵات نابێت.

هەربۆیە حیزب ئەو هەڵوێستەی گرت و داوای لە هێزەکان و خەڵكی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد بەشداریی هەنگاوێك نەکرێت کە دیار نیە لە دواڕۆژدا وڵات بەرەو چ ئاقارێك دەبرێت و وەختێك گەلی کورد ئامادەیە لە ڕیفراندۆمدا بەشدار بێت کە بەرنامەی سیاسیی حکوومەت و داهاتووی سیاسیی وڵات دیار بێت و بەشداریمان زامنە بە گەرەنتی کردنی مافی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد.  

ئەو هەڵوێستەی حیزب بەڵگەیەکی گرینگی سیاسی و مێژوویی حیزبی دێموکراتە و هێندەی تر قوورسایی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزبی سەلماند و متمانەی خەڵکی زیاتر بەدەست هێنا و بە هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەییەکانی بۆتە ئەو هێزە گەورە و کاریگەرەی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەك هێزێکی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە سیاسەت و ڕوانینی خۆی لەهەمبەر ڕێژیمی ئاخوندی ئێراندا بە دروستی ئەو کاتیش ڕاگەیاند و پاش تێپەربوونی چواردەیە بەسەر ئەو بڕیارە سیاسییەی حیزبی دێموکراتدا، ئێستا زیاتر شانازی بە خۆمان و حیزبە خۆشەویستەکان و ڕێبەرییەکەی  دەکەین.

دووهەم بڕیاری گرینگی سیاسی حیزب لەو کاتەدا وڵامی ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملووی مەزن، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە ئەوکات حیزب لەوپەڕی بەهێزیدا بووە، وڵامی " لەبەیەك"ی ئاشتی بە خۆمەینی دایەوە و پاش تێكشکاندنی هێزەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لە کوردستاندا!

ئەو لە بێ‌هێزی و بێدەسەڵاتیی سیاسیدا ڕێگای ئاشتی هەڵنەبژاردووە و لە لاوازیدا داوای سازش و سازانی لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی نەکردووە.  زۆر کەس ئەو هەڵویستەی حیزبی دێموکراتیان بەو جۆرە لێكدەدایەوە کە نەدەبوو حیزب ئەوەی کردبا و پێیان بڕیارێکی شیاو نەبوو و حیزبیان بە هێزێکی سازشکار و ئاشتیخواز دەزانی و هەنگاوی هێوری و سەلیمی حیزبی دێموکراتیان بە کردارێکی دروست نەدەزانی.

د. قاسملووی مەزن هێزێکی گەورە و کاریگەر وەك حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەدژی حکوومەتی خومەینی و لە پێناوی بەدیهێنانی ماف و ئازادییە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد بە باشترین شێوەی سەردەمیانە ڕێبەری دەکرد و زۆر ڕاستگۆیانە پێشڕەویی ئەو خەباتە نەتەوەییەی کردووە و بڕیار و هەڵوێستەکانی حیزب، بەرئەنجامی ڕوانینی ژیرانەی ڕێبەری بووە لە قۆناخە جۆر بە جۆرەکانی تێکۆشانی سیاسی و چەکداریدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەك ڕێبەر و ئاڵاهەڵگری شۆڕشی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات ناسراوە و سیمای ئەو خەباتە بەو هێزە تێکۆشەرەوە دەناسرێتەوە لە مێژووی ئەو چواردەیە تێکۆشان بە دژی ستەمکاریەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی تاراندا. حیزبی دێموکرات بە هەڵوێستی بەجێ و لێکدانەوەی ژێرانەی سەبارەت بە دۆخی ئێران و کوردستان، قورسایی لە سەر ڕووداوەکانی وڵات دروستکردبوو و ڕاستە ئەو وەختی هێزی تریش بوونیان هەبوو، بەڵام هەرگیز لە هاوشانی حیزبی دێموکراتدا نەبوون و هەر بۆیەش گەلێك جار هەوڵی بە ڵاڕێدابردن و لە باربردنی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لە کوردستان دەدا.

دوکتور قاسملوو بەو تێگەیشتنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی سەبارەت بە دۆخی وڵات هەیبوو، زۆر بە باشی کاریگەریی لەسەر خەڵك و هێزەکانی تری وڵات دانابوو و سیاسەت و بەرنامەی حیزب بە جۆرێك داڕێژرابوو کە هەموو چین و توێژێك هەستی بە بوونی مافی سیاسی و هەبوونی خۆی دەکرد لە نێویدا و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا حیزبی دێموکرات بوو بە هێزێکی بەتەواوی کوردستانی و لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێگە و نفووزی سیاسی بڵاو بوویەوە و خەڵك پشتیوانیان لە هەنگاوەکانی ڕاگەیاند و بە هەزارن کەس چەکی پێشمەرگایەتیان وەك بەرگری و پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش کردە شان.

ئەو وەختی لە میتینگێك کە لە شاری مەهاباد بۆ دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزب پێك دێت لە پاش شکستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و کۆتایی شەڕی سێ مانگە، کە  بە قۆناخێکی درەوشاوەی بەرخودانی نەتەوەیی تەماشا دەکرێ لە مێژووی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، لەو بەرگریە نەتەوەیەدا حیزب سەرکەوت و بە هێز چۆکی بە دەسەڵاتی تاران دادا و بە ناچاری خومەینی ملی بۆ ئەوە درێژ کرد کە گوێ بۆ کورد بگرێ و وتووێژ لە گەڵ وەڤدی نوێنەرایەتیی کورد بکاتەوە.

هێزی پێشمەرگە توانی لە هەموو بەرەکاندا شکست بە هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەت بێنێ و حیزب و ڕێکخراوەکان بۆ جارێکی تر دەرفەتی گەڕانەوەی نێو شارەکانیان بۆ پێك هاتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی خۆڕاگری شاردا بە ڕاشکاوی و وەك نەریتێکی سیاسی و دیپڵۆماسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور قاسملوو  دەڵێت: " لازمە لەبەیەك بەو پەیامەی خومەینی بڵێێن کە تێیدا ڕایگەیاندووە ئامادەن بە ڕێگای ئاشتیدا مافی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە چوار چێوەی حکوومەتی نوێدا بە سەلمێنن و کۆتایی بەو شەڕە بێنن لە ئێران و کوردستاندا".

کاتێك کورد بەرگری دەکرد، ئەو خۆڕاگرییە بۆ ئەوە نەبووە درێژە بە شەڕ بدەین، بەڵکوو لەو ڕێگایەوە وەك حیزبێکی سیاسی هەوڵمان داوە فشار بخەینە سەر ڕێژیم هەتا بە دەم ویست و داخوازەکانی گەلی کوردەوە بێت و ئاوڕێك لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە.

دوکتور قاسملوو وەك ڕێبەرێکی بوێر و زمانزان و سیاسی نەتەوەیی لە بەرامبەر دوژمنی داگیرکەردا، سێ لایەنی  خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و چەکداریی پێکەوە بەڕێوە دەبرد و بەترس و بێدەسەڵاتیەوە نەدەچووە ژێر باری تاران و زۆر بە ڕاشکاوی و جوامێرانە لە بەرامبەر حکوومەتی ئاخوندیدا ڕەوڕەوەی خەبات و تێکۆشانی درێژەداوە.  

پاشان حیزبی دێموکرات هێزێکی شوێندانەر و جێگای متمانەی خەڵکی کوردستان بووە و هەیە و لە بەرژەوەندی ئاسایشی سیاسی و نەتەوەی گەلدا بڕیارە سیاسی و مێژووییەکانی داوە و هەڵوێستەکانی لە پێناوی پێگە و بەرژەوەندی گەلدا بووە.

حیزبی دێموکرات وەك هێزێکی دیاری کوردستانی ڕۆژهەڵات بە  ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان نامۆ نەبووە  و هەربۆیەش لێکدانەوە و هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەیەکانی بۆ هەمیشە جێگای شانازی و دروێنەی بەسودی ئەو سیاسەتەی حیزبیان کردووە و وەك دەستمایەی بەرخودانی نەتەوەیی کاریگەری لە سەر کۆی ڕووداوەکانی ئێران و کوردستاندا هەبووە و لە ئێستاشدا وەك هێزێکی کاریگەر شوێنی بەرچاوی لەسەر ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێران و کوردستان هەیە.

ئەو پەیامەی دکتۆر قاسملوو کە لە ژێر ناوی " لەبەیەك" دا وەك هەڵوێستی سیاسی حیزب سەبارەت بە پەیامی ئاشتیخوازانە بڵاو کرایەوە، شتێك نییە ئەمرۆ واتە پاش چوار دەیە و لە بیرەوەری ٧٥ ساڵەی لە دایکبوونی حیزبدا، بە شەرمێونی شەنوکەو بکرێ و بە لێکۆڵینەوە و تیشک خستنەسەری خۆمان بدزینەوە، بەڵکوو بەوپەڕی شانازییەوە باس لە سەر ئەو  بڕیارە سیاسی و مێژووییەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و پێی سەربەرز و دڵخۆشین. ئەو بابەتەش یەکێکی ترە لە شانازییەکانی حیزب وەك هێزێکی تێکۆشەر، لە کاتی شەڕ و  تەنگانەدا زۆر بوێرانە بەرگریی لە خەڵك و پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی کوردستان کردووە و وەختی ئاشتیش سەنگەری خۆڕاگریی گواستەوە بۆ سەر مێزی ئاشتی و هەوڵی داوە بە ڕێگای سەلیم و دوور لە توندوتیژیدا، مافی سیاسیی گەلی کورد زامن بکرێت لە چوارچێوەی حکوومەتێکی دێموکراتیك و فرە نەتەوە و فرە ڕەهەندی سیاسی لە ئێراندا. 

 ئەو رووداوە و هەڵویستی لەو جۆرە و لە قۆناغی ئەوسای شەڕ و ئاشتی لە گەڵ ڕێژیمی خومەینیدا، ڕوانینێکی هەتا بڵێی دروست و بە جێ بووە و وەك شانازیەکی زێڕین وەبیر هەموو لایەكی دەخەینەوە و ئێستا وەك بنەمای فیکری ـ سیاسیی حیزب تەماشا دەکرێت.

کاتێك خومەینی نەیتوانی بە سانایی دەست بەسەر شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بگرێ و هەموو کوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و کۆنتڕۆڵی کوردستان بکات، بێگومان لەو نێوەدا ناکرێ ڕۆڵی حیزبی دێموکرات و ڕێبەری گەورە و هێزی پێشمەرگەی حیزب لە بەرچاو نەگرین. بە هۆی خۆڕاگریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەیدانی خەباتی سیاسی و کرداریدا، توانی بە تەواوەتی باڵانسی سیاسی و سەربازی بگۆڕێ و چەند جارێك دەسەڵاتی تاران ناچاربکات بە پێی خۆیان بێن لە کوردستان لە گەڵ گەلی کورد و ڕێبەری سیاسیی  گەورەمان سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی گفتوگۆ ئەنجام بدەن.

لەو کاتەدا خومێنی بەناچاری و بەدوای شکستی سیاسی و نیزامی شەڕی سی مانگەدا، پەیامی ئاشتی بڵاو کردەوە و لەوێدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە مافی کورد لە شکڵی خودموختاریدا بسەلمێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەیهەوێت لە گەڵ وەڤدی نوێنەرایەتی کورد وتووێژی ئاشتی ئەنجام بدات و کۆتایی بە بارگرژی و شەڕ و ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان بێنێت و وڵات بەرەو قۆناخی ئاشتی و ئاسایش بەرێت.

بارودۆخی ئەودەمی پێمان خۆش بێت یان بەدڵمان نەبێت، هەر ئەوەی دەخواست و گەلی کوردیش سەرەتا هەوڵی دەدا بەڕێگای ئاشتیدا لە چوارچێوەی حکوومەتی نوێدا بە مافەکانی بگات. ئەگەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، بەو ڕێگایەدا بە خواست و ئامانجەکانی گەیشتبایە، دەسکەوتێکی گەورە و شتێکی زۆر باش دەبوو بۆ کۆی پڕۆسەی سیاسی لە ئێراندا و خەڵکی کوردستان سوودمەندی گەورەی ئەو ئاشتیە دەبوو.

پاش ئەوەی خومەینی و ڕێژیمەکەی تۆزێك جێگای پێیان قایم کرد و دەستیان بە دەسەڵات گەیشت و هەستیان بە هێزی خۆیان کرد، لە زۆربەی بەڵێنیەکانیان بە خەڵکی کوردستان کە درابوون، پاشگەزبوونە و ڕێگای توندوتیژی و ستەمیان بەدژی گەلی کورد و گەلانی تر گرتەبەر، کە بەداخەوە زیانی گەورەی بە خەڵکی کوردستان  و شۆڕشەکەی گەیاند.

دکتۆر قاسملوو وەك ڕێبەری هێزێکی گەورە و کاریگەری کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران، پاش ئەوەی لە نیازی خومەینی و هاوبیرەکانی تێگەیشت و زانی لە ماهیەتی ئەو ڕێژیمە تازەیەدا شتێك بەناوی مافی سیاسی و نەتەوەیی بەدی ناکرێت، دواجار بەناچاری بڕیاری بەرگری و بەرخودانی نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ڕاگەیاند و هەر لەو کاتەشدا بەڕوونی گوتی:" رێگای چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد و گەلانی دیکەی وڵات، تەنیا چارەسەری ئەو بارگرژییە، بە ئاشتی و وتووێژ دەکرێت".

بەداخەوە سەرەڕای سیاسەتی ژیرانەی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو کە پێش بە هەڵگیرسانی شەر بگیڕێ،  شەڕ دەستیپێکرد و زیانی زۆر و ماڵوێرانیی گەورەی لێکەوتەوە و کە لێکەوتەکانی ئەو شەڕە هەتا ئەمڕۆش لە کوردستان بەدژی گەلی کورد درێژەی هەیە.

بەڵام ئەگەر هاتابا لە جیاتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ناوەند و بزووتنەوەی کورد، ئاشتی جێگیر کرابا و مافی کورد بەدی هاتبایە، گەلی کورد سوودمەندی یەکەمی ئەو دۆخە دەبوو و وڵات بەرەو ئاقارێکی تر دەچوو .حیزبی دێموکرات وەختی شەڕ، بە چاکی شەڕی کردووە و بەرگریی لە خەڵکی کوردستان کردووە و کاتی ئاشتی هەر بەو جۆرە هەنگاوێك لە پێش هێزەکانی دیکەوە بووە و هەرگیز هەڵوێستێکی ئەوتۆی نەبووە کە سیاسەتی خۆی ڕەتبکاتەوە، چوونکە زیاتری بارقورسایی شۆڕشەکەی لەسەر شان بووە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.

ڕووداوێکی تری زێڕین لە مێژووی  ٧٥ ساڵەی حیزبدا، ١١ ڕەشەمە، ڕۆژی  ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێکی ترە لە ڕووداوە زێڕین و بڕیارە نەتەوەییەکانی حیزب کە لە ماوەیەکی کورتدا، توانی پێگە و نفووزی خۆی لە نێو خەڵكدا بە تەواوی بەهێز و فراوان بکات و وەك هیزێکی بە مانای وشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربکەوێت و خەڵکی کوردستان لە دەوری بەرنامەی ڕوونی سیاسی و نەتەوەیدا کۆبکاتەوە.

١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ی هەتاوی، پاش ٣٢ ساڵ خەباتی  سیاسی و نهێنی ، ڕێبەری نوێی شۆڕشی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوکتور قاسملوو لە میتینگێکی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی، تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاری مەهاباد وەك موژدەیەك ڕاگەیاند.

خەباتی ئاشكرای حیزب، جگە لە گرێدانەوەی دوو قۆناغی  خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب پێکەوە و داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییە سیاسی و نەتەوەیەکانی گەلی کورد و گەلانی تری وڵات، ئەو ڕۆژەی وەك سەرەتای گۆڕانکاریەکی فراوانی سیاسی و تەشکیلاتی  لە  ژیانی سیاسی  کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاند و بەڵێنی بە گەلی کورد دا وەك ‌هێزێك کە بە سەرچاوەی بیری نەتەوەی و شۆڕشگێڕی ناسراوە، هەر وەك  ڕابردوو لە پێناوی مافی نەتەوەی گەلدا هەنگاوەکانی خێراتر دەکات و بۆ بە ئاکام گەیاندنی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی نیازی بە هاوپشتی  و کۆدەنگیی سیاسی و نیشتمانی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان هەیە. 

هەرچەندە ماوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب زۆر کەم بوو، بەڵام کاری گەورە و هەنگاوی بەنرخی هەڵێنان و وەك هێزێکی دێموکرات و مۆدێڕن توانی بیروباوەڕی سیاسی و نەتەوەی بەرێتە نێو خەڵك. لەو کاتەدا بۆ جارێکی تر ئەو دەرفەتە زێڕینە بۆ گەلی کورد هاتە بەرەوە کە بتوانێ  لە ڕێگای کۆدەنگی نەتەوەیدا داوای مافە سیاسیەکانی بکاتەوە . دیارە ئەو کات و ڕووداوەکانی کە پاشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوویان دا، بەگشتی پرۆسەی خەباتی نەتەوەیان بەرەو دواوە برد و ئەو هێزەی کە بەردەوام داکۆکی لە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەکرد، حیزبی دێموکرات بوو و بەداخەوە زۆرجار لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا بە ئامانج دەگیرا و گیروگرفتی بۆ دروست دەکرا. بەڵام وەك هێزێکی شۆڕشگێڕ هەوڵی دەدا یەکیەتی سیاسی و نەتەوەی بەهێز پتەو بکا و ڕێگا نەدات درز بکەوێتە نێو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان.

١١ی ڕەشەمە بۆ حیزبی دێموکرات بێگومان زۆر هەستیار و هەر لەو کاتەشدا گرینگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە لەو وەختەدا بە نیەتی فراوانترکردنی ڕوانگەی هزری، حیزب بەرنامەی تێکۆشانی سیاسیی بڵاوکردەوە. ئەو ڕۆژە  لە مێژووی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و ئەو پەیامەی لەو وەختەدا وەك بیروباوەڕی سیاسی و نەتەوەیی بڵاو کرایەوە، لە ڕەوتی تێکۆشانی سیاسیدا، شوێنی قووڵی لە سەر وشیارکردنەوەی گەلی کورد دانا و خەڵك بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتیوانیی جەماوەرییان لە هەنگاوە سیاسیەکانی حیزب دەربڕی و ئەو هێزەیان بە تەواوی بەرەو پێشەوە برد و بە هەزاران کەس چەکی پێشمەرگایەتیان کردە شان.

ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بێگومان ڕووداوێکی لە ناکاو و بێ زەمینەی فیکری و تەشکیلاتی ڕێبەری ئەو حیزبە نەبووە و بە ئامانجێکی گەورەی سیاسی  و نەتەوەی ئەو میتینگەی لە مەهاباد پێك هێنا. دکتۆر قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەرك و بەرپرسیارەتی ئەو قۆناخە مێژووییەی حیزبی  ڕاگەیاند و بەرچاوڕوونی ڕووداوەکانی بە باشی خستە بەرچاوی خەڵك لە پێناوی مافەکانیان و خەباتی دواڕۆژی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا و ئاستەنگەکانی بەردەم تێکۆشانی سیاسی.

حیزب هەنگاوی گەورەی ڕیفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە پێناوی یەکسانی و بووژانەوەی ژێرخانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵكدا نا و بەداخەوە بەهۆی تێكچوونی پەیوەندیەکانی حکوومەتی ناوەندی و حیزبی دێموکرات ئەو دەرفەتەی بە تەواوی بۆ پێك نەهات هەتا کۆی بەرنامەی سیاسی خۆی بەڕێوە بەرێت و بیباتە نێو گەل.

 ئەو پەیامەی کە لەو ڕۆژەدا و  لە میتینگی گەورەی شاری مەهاباد لە حزووری دەیان هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان لە لایەن دوکتور قاسملوووە پێشکەش کرا، ئەو شارەی کە پێشتر حکوومەتی کوردستانی لێ دامەزرابوو، بە دڵنیایەوە گرینگی سیاسی و مێژووی تایبەتی خۆی هەبوو هەم بۆ حیزب و هەم لە سەر ورە و ئیرادەی خەڵکی کوردستان . ئەوەش بەو مانایە بوو کە ئەگەر شۆڕش بۆ ماوەیەك کز بێ و توانای کرداری لەدەست بدات، بەڵام ئەو هەستە بەرزە نەتەوەییە لە لای خەڵك وەك خەونی ڕزگاری سیاسی  گەشە دەکاتەوە وجووڵانەوەی سیاسیی کورد  دیسان سەرهەڵدەدات و بەهێز دەبێتەوە، هەر وەك لە ساڵی ١٣٥٧ بە چاوی خۆمان ئەو ڕاستییەمان بینی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  پاش ٣٢ ساڵ خەباتی سیاسی و نهێنی بۆ جارێکی دیکە ئەو دەرفەتەی بۆ هاتە بەرەوە کە لە نێو خەڵکی کوردستاندا و شان بە شانیان لە شارەکاندا تێکۆشانی خۆی دڕێژە بداتەوە. بەداخەوە ماوەی حوکمڕانی سیاسی و ئیداریی حیزب زۆر کەم بوو و ئەو دەرفەتەی بۆ پێكنەهات کە بەرنامەی سیاسی و ڕێفۆرمی نەتەوەی بەڕێوە بەرێت. لە ماوەی کورتی تێکۆشانی سیاسی حیزب و ئازادبوونی شارەکانی کوردستان، ئازادیە سیاسی و دێمۆکراتیکەکان بە باشی گەشەیان کرد و دەرفەتی تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی بەگشتی بۆ کۆمەڵگای کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان پێكهاتبوو، زۆر هێز کە نفوزیان لە شارێك و چەند گوندێك تێپەڕی نەدەکرد، لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستاندا دەرفەتی فراوانی کاری ڕێکخراوەیان بۆ ڕەخسابوو و کاریان دەکرد.

ئەو سروشتە سیاسییەی کە حیزبی دێموکراتی لە هێزەکانی دیکەی کوردستان لەو سەردەمەدا بەتەواوی لێك جیا دەکردەوە، وەفاداری بوو بە سیاسەت و هەڵوێستە نیشتیمانییەکانی و لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی ڕۆژدا، ڕەنگی سیاسی و فیکریی لەهەمبەر ڕووداوەکانی وڵاتدا نەدەگۆڕی و نەبوو بە پاشکۆی هەڵوێستی سیاسی هێزێك کە دژایەتی مافی نەتەوەی کورد بکات. لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی سیاسی حیزبدا، ئەو هێزەی وەك دامەزراوەیەکی بەتەواوی سیاسی و نیشتیمانی ئەرکدار کرد کە هەنگاوەکانی لە بەرژەوەندی و بەسوودیی گشتیی گەلی کورد بنێ و داکۆکی لە پەیامی هاوبەشی سیاسی بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند بکات. دوکتور قاسملوو ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی  لەو شوێنەدا ڕاگەیاندووە، کە  حکوومەتی شا بە پشتیوانی  و پێلانگێڕیەکی سیاسی ناوچەیی و جیهانییەوە، حکوومەتی کوردستانی لێكهەڵوەشاند و تێکۆشەرانی حیزب لە سەر ئاستی ڕێبەریدا بەشێکیان گیانیان بەخشی و زۆریشیان گیران و لەنێو بران یان بەرەو گەرمێن ڕایان کرد.

ڕۆژی ئاشکراکردنی تێکۆشانی حیزب، بۆتە هەوێنی خەباتێکی درێژخایەنی سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوە سیاسی و جەماوەریەی کە مێژوویەکی گەش و پرشنگداری ٧٥ ساڵەی هەیە لەو بەشەی وڵاتدا. ئەو حیزبەی کە لەو ڕۆژە مێژوویەدا و بە قەبووڵکردنەوەی بەرپرسیارەتی گەورەی سیاسی بەدوای ڕاگەیانی خەباتی خۆیدا، بۆ جارێکی دیکە ئەرکێکی مێژوویی تازەی کەوتەوە سەرشان و بەوپەڕی ئامانەتەوە پێشڕەویی ئەو قۆناخە سیاسیەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کردووە کە ئەمڕۆش بەردەوامیی هەیە و خۆی لە بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری "ڕاسان" دا نوێ کردووتەوە.

حیزب وەك هێزێکی بەتەواوی دێموکرات باوەڕی  بە ژینگەی فروانی سیاسی و کۆمەڵایەتی  هەیە و زۆر بنەمای ئەخلاقی و شۆڕشگێڕی هەن کە بوونەتە کولتورێکی بەنرخی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزب و ڕوانگەی سروشتی سیاسی بە جۆرێك بووە کە تێیدا دەرفەتی فرە ڕەهەند و چالاکی سیاسیی  بۆ هەموو لایەك ڕەخساندووە و بەتەواوی دژی پەرشوبڵاویی سیاسی و نەتەوەیی بووە لە نێوان هێزەکانی کوردستاندا.

کاتێك کەشوهەوای سیاسی وڵات بە هۆی حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بەتەواوی تێكچوو، حیزب کە لەو پەڕی بەهێزیدابوو، بەرپرسانەوە و وێڕای لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی  سیاسی و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان، هەڵوێستی سیاسی خۆی لە هەمبەر شەڕ و ئاشتیدا دەردەبرێ و تەنانەت ڕێزی لە دیلەکانی شەڕیش دەگرت کە لە مەیدانی بەربەرەکانێ کردن  لە لایەن هێزی پێشـەرگەی حیزبی دێموکراتوە دەگیران. سەرەڕای هەوراز و نشێوی دژواری سەر ڕێگای خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەك ئاڵاهەڵگڕ و ڕێکخەری جووڵانەوەیەکی بەتەواوی سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، بەوپەڕی وەفادارییەوە بە  پەیامی ١١ی ڕەشەمە کە  گرینگی و تایبەتمەندی تایبەتی هەیە  و ڕۆحێکی نوێی بە بەر شۆڕشی کوردستاندا کردەوە.

 ڕێبوارانی ڕێبازی  پەیامی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە مەهاباد، ئەو مەشخەڵەی کە  بە دەستی ڕێبەری بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی، دوکتور قاسملوو، پاش تێکچوونی حکوومەتی کوردستان، داگیرسێندرایەوە و وەفاداران و خەباتگێڕانی ئەو ڕێبازە پیرۆزە، بە ئەمەگەوە درێژەیان بە ڕەوتی کار و خەباتی سیاسییان دایەوە و بڕیاری خەباتێکی فراوانی گشتگیری سیاسی و جەماوەری درا و لەو ڕۆژە گرینگەدا داوا  لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان کرا، هاوکار و پشتیوانی سیاسیی حیزبەکەیان بن بۆ گەیشتن بە ترۆپکی ڕزگاریی نیشتیمانی کە ئامانجەکانی لە سەر ئەساسی ئەو بنەما فیکریە دیزان کراوەتەوە، کە پێشەوای نەمر خەباتی لە پێناودا دەست پێکردبوو.

لە ١١ی ڕەشەمەدا، بەدەیان هەزار کەس لە شار و ناوچەکانی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی شانازی پشتیوانی و بەشداربوونیان لە نێو ڕێزەکانی حیزبدا بە نسیب بێ و گوێیان بۆ ئەو پەیامە  سیاسەی دکتۆر قاسملوو گرت و، پاشان بە کردار لەو حیزبە گەورە و کاریگەرەدا خۆیان ڕێکخست و بە دژی دەسەڵاتی ناوەندی تاران بەشداری خەباتی شار و شاخیان لە قۆناخە جۆربەجۆرەکانی تێکۆشاندا کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەك پێشەنگی بزووتنەوەیەکی سیاسیی نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، پاش دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای، بڕیاری دا کە وەك هێزێکی نەتەوەیی و دێموکرات و پێشکەوتنخواز، وێڕای هاوخەباتی لە گەڵ باقی هێزەکانی سەرانسەری و نێوخۆیی لە کوردستان، بە ئەمانەتەوە داکۆکی لە ماف و ئازادییە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.

ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی حیزبێکی هاوشێوەی حیزبی دێموکرات  کە بە تازەیی تامی ئەزموونێکی نوێی خەباتی ئاشكرای دەکرد، بێگومان کارێکی ئەوەندە ئاسان نەبوو، نە بۆ ڕێبەری و تەنانەت بۆ خەڵکیش. ئەوکات بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێك گیروگرفتی گەورە لە سەر ڕێگای تێکۆشانی حیزبدا بەدی دەکران. بەڵام سەرباری کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای خەباتی سیاسی، پانتایەکی بەرینی سیاسی و تەشکیلاتی  لە ڕووداوە سیاسیەکانی ئێران و کوردستان بۆ خۆی گرت.

ئەگەر لێزانی و لێهاتوویی دوکتور قاسملووی بلیمەت و دێموکرات نەبوایە، بەو ساناییە ڕیشەی لە نێو دڵی خەڵکی کوردستان دانەدەکوتا و نەدەبوو بە هێزێك کە نفووزی سیاسی و تەشکیلاتی بە هەموو کوردستاندا، بە بێ جیاوازی  بڵاو بێتەوە. هاوسەنگی سیاسی و ڕێکخراوەیی کە مەودای زۆری لە نێواندا هەبوو، شڵەژانێکی هەڵچووی هەرزەکاری فیکری ـ ڕێکخراوەیی دروستکردبوو، کە پاشان زیانی گەورەی بە هەنگاوە سیاسییەکانی  حیزب و بزووتنەوەی سیاسی کورد گەیاند و لە ڕووی سیاسی و هزریشەوە جیاوازییەکان تا کات تێدەپەڕی زیاتر خۆیان دەردەخن لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.