کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ تاڵاو لە پارێزگای ورمێ وشک بوونە

13:15 - 10 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ "حوجەت جەباری" جێگری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە تاڵاوەکانی "قۆپی باڵباڵی و قەرەشڵاغی مەهاباد و قەرەگۆلی بۆکان" وشک بوونە.

"جەباری" وتوویەتی "دابیننەکردنی حەقەئاوی ئەو تاڵاوانە، کەمیی ڕێژەی بارینەکان و وشکەساڵی سێ هۆکاری سەرەکی وشکبوونی ئەو تاڵاوانەن.

پارێزگای ورمێ ١٤ تاڵاوی هەمیشەیی و ٢٦ تاڵاوی وەرزی هەیە و لەو ڕێژەیە ٨ تاڵاو دۆخێکی باشیان هەیە و ٦ تاڵاوی هەمیشەیش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ئاوگیری کراون.

تاڵاوەکانی "دورگەسەنگی، حەسەنلوو و سڵدووز" بەهۆی دابیننەکردنی سەرچاوەی ئاو و وشکەساڵی لە کۆتایی وەرزی هاویندا لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەهۆی بارینی کەم و وشکەساڵی تاڵاوەکانی پارێزگای ورمێ به بەراورد لەگەڵ ٢ ساڵ لەمەوپێش دۆخیان خراپترە و چاوەڕوانیی ئەمەش هەیە لە کۆتایی وەورزی هاویندا دۆخیان خراپتریش ببێتەوە.