کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ سێناتۆری ئامریکا: دەبێت گوشارەکان لەسەر ئێران زیاتر بکرێن

11:09 - 13 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سێ سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا، لە نامەیەکدا داوایان لە سەرکۆماری وڵاتەکەیان کردووە کە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر بکات و هەموو لێبووردنەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ناوکی، هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، "تام کاتێن"، "مارکۆ ڕۆبیۆ" و "تێد کروز"، سێ سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا، لە نامەیەکدا داوایان لە "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری وڵاتەکەیان کردووە کە گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە زیاتر بکات.

ئەم سێ سێناتۆرە کۆماریخوازە، داوایان لە حکوومەتی وڵاتەکەیان کردووە کە هەموو ئەو لێبووردنانەی کە ئامریکا لە دوای هاتنە دەرەوەی لە ڕێککەوتنی بەرجام بۆ وڵاتانی نێو ئەم ڕێککەوتنەی لەبەرچاو گرتبوو، هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەم لێبووردنانە ئیجازەی بە ڕێژیمی ئێران دەدا کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی نێو ڕێککەوتنی بەرجام لە بنکە ناوکییەکانی "فردو، ئەراک و وێستگەی ناوکیی بووشێهر"، هاوکاری بکات، هەتا ئەو وڵاتانە دڵنیا بن کە ڕێژیمی ئێران ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم زیاد نەکات.

ئەم سێ سێناتۆرە، لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجامیش دژکردەوەیان نیشان دابوو و پێشتریش چەندین جار داوایان کردبوو کە ئامریکا بەتەواوی لە بەرجام بێتە دەرەوە.