کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ لایەنی خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەی هاوبەشیان پێک هێنا

12:10 - 16 پووشپەڕ 2722

شاندێکی کومیتەی خوێندکارانی کۆمەڵە، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد کۆ بوونەوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ۱٥ی پووشپەڕی ۱٤۰۱ی هەتاوی، کومیتەی خوێندکارانی کۆمەڵە، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لە بنکەی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد کۆ بوونەوە.

لە سەرەتادا "سەرگوڵ شابازی" سکرتێری یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد وێڕای بەخێرهاتن، باسێکی لەسەر ئامانج لە گرتنی کۆبوونەوەکە و کۆمەڵێک باسی پەیوەندیداری پێشکەش کرد و وێڕای پێداگریی لەسەر لێک نزیکبوونەوەی ڕێکخراوە خوێندکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم هەلومەرجەی ئێستادا، ئەم کارەی وەک پێویستییەک هێنایە بەرباس و هەوڵدان بۆ لێک نزیکبوونەوەی زیاتری ڕێکخراو و ناوەندە خوێندکارییەکانی بە ئەرکی سەرشانی هەمووان زانی.

دواتر "جەماڵ فەتحی" سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وێڕای باس لەسەر کاری هاوبەش و نزیکبوونەوەی خوێندکاران لە دەوری یەکتر کە پێویستیەکی هەنووکەییە لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوئاهەنگبوونی ڕێکخراوە خوێندکارییەکان وەک توێژی ڕووناکبیر و پێشڕەوی کۆمەڵگا بە هەنگاوێکی جیددی ناوەزەد کرد.

لە بەشێکی تردا "ڕۆژین کەرەموەیسە" بەرپرسی کومیتەی خوێندکارانی کۆمەڵە، بابەتی ڕۆڵی پێشەنگبوونی بزووتنەوە کوردییەکان و ڕۆڵی خوێندکاران لە بزووتنەوەکان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، مانگرتنی مامۆستایان  و یەکبوون و پتەوتربوونی ڕیزەکانی خوێندکارانی کوردی هێنایە بەرباس.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وێڕای باس لە خوێندکاران و کێشەکانی و گرفتەکانی ئەم توێژە لە کۆمەڵگا و هەروەها داهاتووی کورد و نیگەرانییەکانی خەڵک و هێندێ بابەت و خاڵی گرینگ هاتنە بەرباس و لێکدانەوە، کە گرینگترینیان پێداگریی لەسەر کاری هاوبەش و پرسە گشتییەکانی تایبەت بە خوێندکاران بوو.

لە کۆتاییدا بە تێکڕای دەنگ لەسەر کۆمەڵێک کاری هاوبەش ڕێک کەوتن و پاش دوو کاتژمێر کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ هات.