کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ لایەنی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئێران، کوشتاری خەڵکی بەلووچستانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد

11:25 - 2 بەفرانبار 2720

شورای دێموکراسیخوازانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا لە بەیانییەکی هاوبەشدا بڵاویان کردووەتەوە کە پشتیوانیی ئاشکرای ڕێژیم لە کار و کردەوەی کاربەدەستانی دەستنیشاندەی خۆی لە ناوچەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و تێکدانی سروشتی ئەو ناوچانە بە مەبەستی سڕینەوەی شوناس و مێژووی ئەو نەتەوانەیە.

لەو بەیانییەیەدا هاتووە، لە ماوەی حەتووی ڕابردوودا ١٠ هاووڵاتیی بەلووچ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێکرا و کوژران. لە ٧ زیندانیی بەلووچ کە حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە سێ کەسیان بە ناوەکانی "بێهنام ڕیگی، شوعەیب ڕیگی و عەبدولباست خشت" ئێعدام کران و لە چارەنووسی "حامید ڕیگی، جاوید دێهقان خۆلەد، ئەلیاس قەلەندەر زەهی و حەسەن دێهواری" زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە کۆتایی ئەو بەیانییەیەدا هاتووە، شورای دێموکراسیخوازانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا سەرەڕای ئەوەیکە دژی ئێعدامی هەر مرۆڤێکە، داواش لە خەڵکی بەلووچستان دەکات بە هاودڵی و یەکیەتی دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووەستنەوە.