کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ نووسەری کورد ''خەڵاتی مێهرەگانـ''ـیان بەدەست هێنا

13:05 - 12 جۆزەردان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی جۆزەردان، براوەکانی خولی نۆزدەهەمین و بیستەمینی خەڵاتی ''مێهرەگان'' ڕاگەیەندرا و سێ نووسەری کورد توانییان ئەو خەڵاتە بەدەست بێنن.

براوەی بەشی ڕۆمانی زمانی دایکی، ''دوایین ڕۆژەکانی ژیانی هەڵاڵە'' لە نووسینی نووسەری کورد ''عەتا نەهایی'' کە ''ڕەزا کەریم مجاور'' وەریگێڕاوەتە سەر فارسی، وەک باشترین ڕۆمانی تایبەت هەڵبژێردرا و خەڵاتی ''مێهرەگانی ئەدەبیـ''ـی بەدەست هێنا.

لەو بەشەی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا هەیئەتی ناوبژیوانان بە کۆی دەنگ، ڕۆمانی ''کۆچی شامار'' لە نووسینی نووسەری دیکەی کورد، ''فەرهاد حەیدەری گۆرانـ''ـیان بە شایستەی وەرگرتنی باشترین ڕۆمانی هەڵبژێردراوی خەڵاتی ''مێهرەگان'' ناوزەد کرد.

هەروەها لە بەشی چیرۆکی درێژ و ڕۆماندا، یەکەمین ڕۆمان ''کێتابێ خەم'' (کتاب خم) لە نووسینی ''عەلیڕەزا سەیفەدینی'' بە باشترین بەرهەم و ڕۆمانی ''ط'' لە نووسینی ''زاهید بارخودا'' نووسەری کورد، وەک دووەمین بەرهەم خەڵات کران.

هەر یەک لە نووسەرانی کورد ''عەتا نەهایی''، '' فەرهاد حەیدەری گۆران'' و ''زاهید بارخودا'' لە باشترین نووسەرانی کوردن کە هەر کامەیان لە بواری خۆیاندا توانییان براوەی ئەو خەڵاتە بن.