کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هەنگاوی تر بەرەو نه‌رمینواندنی قارەمانانە

14:11 - 12 جۆزەردان 2720

سندووس

لە یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا سێ هەنگاوی جیاجیا، بەڵام یەکگرەوە، لەنێو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئاخوندیدا هاتووەتە ئاراوە کە لێکدانەوەی زۆریان بۆ کراوە:

هەنگاوی یەکەم: ناوبردنی حەسەن کوڕی عەلی، لەلایەن خامنەییەوە، وەک بوێرترین کەسایەتی لە مێژووی ئایینزای شیعەدا.

هەنگاوی دووهەم: پێشنیاری وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی، واتە عەلی ڕەبیعی، بۆ گۆڕینەوەی زیندانییانی ئێرانی و ئامریکایی بەبێ پێشمەرج.

هەنگاوی سێهەم: لێدوانی سەید محەممەد خاتەمی، سەرکۆماری پێشووی ئاخوندەکان، لە قاڵبی ڤیدیۆ پەیامێکدا.

١- ناوبردنی حەسەن کوڕی عەلی، وەک بوێرترین ئیمامی ئایینزای شیعە، بە جۆرێک وەک نەرمینواندنی شەخسی خامنەیی لەهەمبەر کێشە دەرەکییەکان دێتە بەرچاو، چوونکە لە فەرهەنگ و دەقە دینییەکانی ئەواندا، حوسێن کوڕی عەلی، لەبەر کارەساتی "کەربەلا"، وەک بوێرترین ئیمام ناوی لێ براوە. دیارە مەبەستی خامنەیی لەم باسە، لە ڕاستیدا بە لەشگەرمێکی قارەمانانەی تر دەقەبڵێندرێت کە بۆ داهاتوویەکی نزیک، هەر لە ئێستاوە ڕێگەی بۆ خۆش دەکات.

خامنەیی و زۆربەی ئاخوندەکان، داڕشتە و چوارچێوەی فیکرییان لەسەر بناغەی ئوستوورە و مێژووی شیعەخوازی دامەزراوە و بۆ هەر لێکدانەوە و شرۆڤەیەک، چ سیاسی بێت و چ ئابووری و کۆمەڵایەتی و چ کولتووری، پەنا بۆ سەرچاوەی فیکریی ئیمامەکانیان دەبن. کەوابوو ئەمە شتێکی تازە و سەیر نییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی خامنەیی لەم هەلومەرجەدا پەنا بۆ "بوێری" و "نەترسی"، ئیمامی حەسەن لە هەڵوێستەکانیدا دەبات؟
 

وڵامەکە ڕوونە، خامنەیی نایهەوێت ڕوانگەی پاشڤەخوازانە و سیخناخ لە قەیرانەکانی، بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون و مانادار لە سیاسەت دا و بۆ چارەی کێشەکان بگۆڕێت، بەڵکوو دەیهەوێت بە شێوەی تاکتیکێکی هەلپەرستانە لە هەلومەرجی دژواری ئێستادا لە سەرچەشنێکی شۆڕشگێڕانەوە، دابەزێت بۆ بڕیارێکی کۆنەپەرستانەی بەرژەوەندیخواز و ڕێگەخۆشکردن بۆ وتووێژ لەگەڵ ئامریکا، بە مەبەستی تەمەندرێژیی نیزامە لێوڕێژ لە ئاژاوە و گەندەڵەکەی.

٢- عەلی ڕەبیعیش ڕایگەیاندووە کە بەبێ هیچ پێشمەرجێک ئامادەی وتووێژن لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییانی ئێرانی و ئامریکایی. هەرچەند ئامریکا تا ئێستا ئەم لێدوانەی بە گرینگ وەرنەگرتووە و بە شێوەی فەرمی ڕای خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام هەرئەوەیکە وتەبێژی ڕێژیم لێدوانی لەسەر داوە - تەنانەت ئەگەر بەهۆکاری کۆڕۆناشەوە بێت - بێ پێشمەرج، پێشنیارێکی کەم وێنەیە و بە هێمای دابەزین و نەرمبوونی ڕێژیم لە بەستێنی سیاسەتی دەرەوەدا دێتە ئەژمار.
ئێستا لێدوانەکانی ڕەبیعی، هاوڕێ لەگەڵ قسەکانی خامنەیی لە "پازێڵـ"ـی ڕووداوەکاندا دەتوانن بۆ لای وێنای لەشگەرمیی قارەمانانەمان بەرن.

٣- لەم سەروبەندەدا قسەکانی خاتەمیش لە قاڵبی ڤیدیۆ و هاوتەریب لەگەڵ دوو خاڵی سەروو سەلمێنەری بۆچوونەکەی ئێمەیە. هەر چەند ئەم ڕاستییە سەلمێندراوە کە هەرکات ڕێژیم خاتەمی هێنایە سەر گۆڕەپانی ڕووداوەکان و لێدوانی پێ دا، بەم مانایەیە کە ڕێژیم دیسان کەوتووەتە قەیرانی قووڵەوە و پێویستی بە هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی هەیە.

لەبەر ئەوەیکە ڕەنگە ئێستاش هێندێک ڕێفۆڕمخوازی نێو پێکهاتەی ڕێژیم چاویان لە چاکسازیی ئەم کابرایە بێت بۆ نەجاتی سیستمە گەندەڵەکەیان، ڕێژیم جارێکی تر شانسی ئەوەی پێداوە کە بە لێدوانی درۆزنانە و ڕووهەڵماڵاوانە، دەنگ هەڵبڕێت و نەزانانە بەردی دڵسۆزی خەڵک لە سینگی بدات.

خاتەمی لەم ڤیدیۆیەدا کە لە کاناڵی ڕێفۆڕمخوازەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: "بارودۆخ لە گشت بوارەکاندا قەیراناوییە و تا درەنگ نەبووە دەبێ کارێک بکرێت"
 

مەبەستی ناوبراو لەوەیکە دەڵێت دەبێ کارێک بکرێت ڕێک ئەوەیە کە نابێ بهێڵین سیستمەکەمان لەوەی زیاتر لە قوڕ بچەقێت و تووشی قەیرانگەلێک بێت کە بۆمان کۆنترۆڵ نەکرێت. خاتەمی زۆر دوژمنکارانە دەڵێت کە لایەنێکی ئەم قەیرانە خودی کۆمەڵانی خەڵکن کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سیستم ناچار بە دژکردەوە دەکەن.

خاتەمی نایهەوێت ڕەخنە لەم سیستمە گەندەڵە بگرێت، ئەو بەپێی عادەتی هەمیشەیی خۆی کاتێک باسی مافی کۆمەڵانی خەڵک دەکرێت، بێدەنگەی لێ ڕادەکات، بەڵام بە هەموو وجوودیەوە پارێزەری کۆماری ئاخوندییە، ناوبراو تا ئێستاش لەسەر ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ساڵی ۹٨ کە بە هەزاران شەهیدی لێکەوتەوە، هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام ئێستا کە سیستمەکەی لە مەترسیدایە، بە دنە و بارەقەڵڵای ئاغاکانی باسی یەکگرتوویی نەتەوەیی دێنێتە ئاراوە.

کۆتا وتە: لێدوانەکانی خامنەیی، ڕەبیعی و خاتەمی لە چوارچێوەی لەشگەرمیی قارەمانانەدا باس و خواس هەڵدەگرن و لە داهاتوویەکی نیزیکدا خامنەیی، وەک قۆچکی دەسەڵاتی نیزام، دیسان تووشی نه‌رمینواندنی قارەمانانە دەبێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.