کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی بەهێزی ئورووپا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان دژی ڕێژیمی ئێران بە شۆرای حوکام دا

11:49 - 12 رەشەمه 2720

سێ وڵاتی فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان بە پشتیوانی لە هەڵوێستی ئامریکا بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک دژی ڕێژیمی ئێران، ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیەیان ڕادەستی شورای حوکام کرد.

هەواڵدەریی فەرانسە ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەمە، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەو سێ وڵاتە نیگەرانیی توندی خۆیان بەنیسبەت بڕیاری ڕێژیمی ئێران لەمەڕ کەمکردنەوەی هێندێک لە چاوەدێرییەکانی ئاژانس دەربڕیوە و داوا لە ئێران دەکەن کۆتایی بە پێشێلکارییە ناوکییەکانی بێنێت.

ئەم بڕیارنامەیە ڕۆژی هەینیی داهاتوو لە دانیشتنی شورای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دەخرێتە بەر دەنگدان.

ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی شورای حوکام داوای کردووە کە ئەو شورایە دەبێ داوا لە ئێران بکات هەتا هەموو بەڵێنییە ناوکییەکان بەڕێوە بەرێت و لە بابەت دۆزینەوەی ئاسەواری ئورانیۆم لە دوو دامەزراوەی ئەتۆمی ڕوونکردنەوە بدات.

''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و ''عەلی ئەکبەر ساڵحی'' بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە بەنیسبەت لێکەوتەکانی پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە هۆشدارییان دابوو و وتبوویان ئێران کاردانەوەی جیددیی دەبێت.

لەم پێوەندییەدا نوێنەری ڕووسیە لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتبووی کە لەگەڵ ئەم بڕیارنامەیە دژایەتیی هەیە و پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە داهاتووی ژیاندنەوەی بەرجام تاریک دەکات.

هەروەها ''ڕافائێل گروسی'' ڕۆژی دووشەممە لە دانیشتنی شورای حوکام وتبووی، ئێران لە بابەت دۆزینەوەی ئورانیۆم لە دوو بنکەی ناوکی ڕوونکردنەوەیەکی جێگای باوەڕی نەداوە و ئەمە نیگەرانی زۆری دروست کردووە.

ناوبراو داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە چاوەدێری بەسەر دامەزراوە ناوکییەکان وەکوو کارتی گوشار بە کار نەهێنێت.

''جۆ بایدن'' دوای هاتنە سەر کاری بەنیسبەت ڕێکەوتنی بەرجام وتبووی، ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنییەکان بێت، ئامریکا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی.