کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی ئورووپایی داوای ڕاگرتنی دروستکردنی سانتریفیووژیان لەلایەن ئێرانەوە کردووە

17:07 - 27 خەرمانان 2720

سێ وڵاتی زلهێزی ئورووپایی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە لە بەیانییەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە ڕەوتی دروستکردنی دەزگای سانتریفیووژی تایبەت بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕاگرێت.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانان، وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا، داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە ڕێژیمی ئێران بە تەواوەتی پێبەند بە بەڵێنییە ناوکییەکان بێت و لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی هاوکاریی تەواو بکەن.

ئەو سێ وڵاتە ئورووپاییە پێبەندنەبوونی تارانیان بە بەڵێنییە ناوکییەکان وەک بابەتێکی جێی نیگەرانی و پێشێلکەری بەڵێننامەی پێشگرتن بە پەرەپێدانی چەکی ناوکی له قەڵەم داوە.

لەو بەیانییەیەدا داوا کراوە کە ڕێژیمی ئێران ڕەوتی دروستکردنی دامەزراوەکانی نزیک لە سایتی ناوکیی "نەتەنز" کە بۆ دەزگا پێشکەوتووە سانتریفییووژییەکان دانراوە ڕاگرێت.

"ڕافائێل گرۆسی" سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاندووە ڕێژیمی ئێران ڕێژەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی ١٠ قات زیاتر کردووە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکانمان سەبارەت بە مادە و چالاکییەکانی دوو سایتی ڕانەگەیندراو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە درێژە پێ دەدەین.

هەر لەو پێوەندییەدا، "بێهرووز کەماڵوەندی" وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتبووی لە ئێستادا ئێران زیاتر لە ٣ تۆن ئۆرانیۆمی پیتێندراوی لەبەردەستدایە و ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێستادا لەگەڵ ڕێژەی پێش واژۆکردنی بەڵێنیی بەرجام هاوسەنگە.