کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی ئورووپایی لایەنگری دانوستانی ناوکی، لە دانیشتنەکانی بەرجام دڵسارد و بێ هیوان

17:03 - 13 سەرماوەز 2721

 دیپلۆماتە باڵاکانی سێ وڵاتی ئورووپایی کە لایەنگری ڕێککەوتنی ناوکین وتوویانە، ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنەکانی پێشوودا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەکردووە و بە وتەی "ئیمانۆئێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە، وتووێژی ڕۆژی پێنجشەممە کە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی بەرجام ئەنجام دراوە، هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.

قۆناغی حەوتەمی دانیشتنەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام لە "ڤییەن" لە دوای چەند مانگ ڕاوەستان ڕۆژی دووشەممە دەستی پێ کرد و ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەز کۆتایی پێ هات.

هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری دیپلۆماتە باڵاکانی سێ وڵاتی ئورووپایی کە لایەنگری وتووێژی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانن، بڵاوی کردووەتەوە، سێ وڵاتی ئورووپایی لایەنگری دانوستانی ناوکی، لە دانیشتنەکانی بەرجام دڵسارد و بێ هیوان.

"عەکی باقری کەنی" جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوە و سەرپەرستی هەیئەتی دانوستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە لەو پەیوەندییەدا وتی: "ئێران دوو دەقی پێشنیارکراوی خۆی لەوانە بەڵگەی یەکەم لابردنی گەمارۆکان و بەڵگەی دووەم لە پەیوەندی لەگەڵ هەوڵەکانی ناوکی وەکوو پیشنیار داوە بە وڵاتانی ئەندامی دانوستانکار".

بە وتەی "باقری کەنی" لایەنەکانی بەرامبەر دەبێ لێکۆڵینەوە لەو نووسراوانە بکەن و ئامادەیی پێویستیان هەبێت بۆ ئەوەی لە دانیشتنێکی نوێ و جیددیدا سەبارەت بە ئەو نووسراوانە بەشداری بکەن.