کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ پارێزگای کوردستانی ڕۆژهەڵات پلەی یەکەمی هەڵاوسانیان هەیە

12:35 - 16 خاکەلێوه 2721

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران سێ پارێزگای "کرماشان، سنە و ئیلام" بە ڕیز پلەی یەکەم، چوارەم و شەشەمیان" لە بواری هەڵاوسان لە ساڵی ٩٩دا هەیە.

نێونجیی نرخی هەڵاوسانی ئیران لە ساڵی ٩٩دا بەپێی ناوەندی ئاماری ئیران ٣٦/٤ لەسەد بووە و لە حاڵێکدا هەڵاوسان لە پارێزگانانی کرماشان ٤٠/١ لەسەد، سنە ٣٩/٢ لەسەد، و ئیلام ٣٨/٦ لەسەد، بووە.

نرخی هەڵاوسان لەو سێ پارێزگایە مەودایەکی زۆری لەگەڵ نرخی هەڵاوسانی گشتیی ئیران هەیە و لە دۆخێکی خراپدانە.

هەڵاوسان لەو سێ پارێزگایە پێشاندەری ئەوەیە کە ڕێژیمی ئیران بایەخ بە کوردستان نادات و خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر لەگەڵ هەژاری و بێکاری بەرەوڕوو دەبنەوە.

کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە لووتکەی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێراندایە و تا ئێستاش ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان لە کوردستاندا نەداوە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت.

هاوکات هەڵاوسان دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر و لە دەستپێکی گەمارۆ نوێیەکانی ئامریکا بەتەواوەتی خۆی دەرخستووە.