کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ڕۆژە زبڵی شاری شنۆ کۆ نەکراوەتەوە

10:56 - 23 بانەمەڕ 2721

ماوەی سێ ڕۆژە شارەداریی شنۆ زبڵی نێو ئەو شارەی کۆ نەکردووەتەوە و کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" سەگە بەرهەڵاکان ئەو زبڵانە بە نێو شاردا بڵاو دەکەنەوە و سەرەڕای ئەوەیکە سیمایەکی ناحەزیان بۆ شار دروست کردووە مەترسیی نەخۆشی بۆ خەڵکیش زیاتر بووە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە هەموو مانگێک شارەداری بڕی ١٠ هەزار تمەن بۆ کۆکردنەوەی زبڵ لە خەڵک وەردەگرێت.

هەر لەو پێوەندییەوە ماوەی چەند ڕۆژ لەمەو پێش شارەداری ویستبووی زبڵی ئەو شارە لە شوێنەک لەنێوان فازی ٢ی شەهرەکی فەرهەنگییان و گوندی گورگاوێ فڕێ بکات بەڵام خەڵکی شەهرەک و گورگاوێ پێشیان بەو هەوڵەی شارەداری گرتووە.

ماوەی چەندین ساڵە شارەداریی شنۆ لەگەڵ کێشەی نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ فڕێدانی زبڵ بەرەوڕوویە و چەندین جاریش لە وەرزی گەرمادا زبڵی ئەو شارە کۆ نەکراوەتەوە.