کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ڕۆژە گوندی "کەرەی حەسەن ئاوا" ئاوی نییە

17:19 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ڕوانسەر لەهەمبەر پیسبوونی ئاوی خوادنەوە و پچڕانی بەردەوامی ئاوی گوندەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

خەڵکی گوندی "کەرەی حەسەن ئاوا"، لە شاری ڕوانسەر، سەر بە پارێزگای کرماشان، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک باسیان لە دۆخی خراپی ئاوی خواردنەوە لەم گوندەدا کردووە.

خەڵکی ئەم گوندە ڕایانگەیاندووە کە ماوەی سێ ڕۆژە هەتا نیوەڕۆ ئاویان هەیە و پاش ئەوە ئاوەکەیان دەپچڕێت، هەروەها وتوویانە پاش ئەوەی کە ئاوەکە دێتەوە، تا نیوەیەک لە ڕۆژ قوڕاوی و لێڵە و بە کەڵکی خواردنەوە و تەنانەت شوشتنیش نایەت.

خەڵکی ئەم گوندە کێشەکەیان بە ئێدارەی ئاوی گوندەکان لەو ناوچەیەدا ڕاگەیاندووە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە و هیچ لایەنێک کێشەکەی بۆ چارەسەر نەکردوون.